هه‌ریه‌ك له ئه‌رته‌شی كۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای پاسداران، به‌یاننامه‌ی جیاوازیان له دژی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه ده‌ركرد كه ماوه‌یه‌كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه له ئێران ده‌كرێن و رایان گه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر هێرش بكرێته سه‌ر ناوه‌نده ئه‌تۆمییه‌كانیان، هه‌ڵوێستی زۆر توندیان ده‌بێت.
له به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌رته‌شدا هاتووه، ''تا دواین دڵۆپی خوێن له پاڵ هێزه چه‌كداره‌كانی تری ئێران ئاماده‌ین به‌رگریی له یه‌كپارچه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی و ئاسایشی ئێران بكه‌ین.''
هه‌ر له به‌یاننامه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه، ئه‌مڕۆ شه‌موو له كاتێكدا یادی ئازادكردنی خۆڕه‌مشه‌هر ده‌كه‌نه‌وه، كه دوژمنانی كۆماری ئیسلامی به پیلانی جیاواز له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ده‌سه‌ڵاته‌كه لاواز بكه‌ن.
هاوكات سوپای پاسداران له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه، ''ده‌ستمان له‌سه‌ر په‌له‌پیتكه‌یه و هه‌ر جۆره كرده‌وه‌یه‌كی سه‌ربازیی به‌رانبه‌رمان بكرێت، ئه‌وا په‌رچه‌كردارێكمان ده‌بێت كه له خه‌یاڵیشدا نه‌گونجێت.''
سوپای پاسداران له به‌یاننامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی داوه، ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ر ئێران، ئه‌وا كارێك ده‌كه‌ن هاوكێشه ستراتیجییه‌كانی هێز له رۆژئاوای ئاسیا بگۆڕێن.
كۆتایی هه‌فته‌ی رابردووش عه‌لی محه‌مه‌د نائینی گوته‌بێژی سوپای پاسدارانی ئێران، هه‌ڕه‌شه‌ی له ئیسرائیل كردبوو ئه‌گه‌ر هێرش بكاته سه‌ر بنكه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران، ئه‌وا وه‌ڵامی ئێرانیش زۆر رووخێنه‌ر ده‌بێت.
ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ئێران دوای ئه‌وه دێن كه هه‌فته‌ی رابردوو میدیاكانی دنیا بڵاویان كرده‌وه، ئیسرائیل خه‌ریكی ئاماده‌كارییه بۆ هێرشكردنه سه‌ر بنكه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران.
گوته‌بێژی سوپای پاسداران گوتبووی، نابێت ئیسرائیل بڕیارێكی ئاوا گه‌مژانه بدات، چونكه جیۆگرافیاكه‌ی زۆر بچووكه و به‌رانبه‌ر ئێران له‌رزۆكه.
هه‌ر هه‌فته‌ی رابردوو محه‌مه‌د باقری سه‌رۆكی ئه‌ركانی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی ئێرانیش هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردبوو، ئێران به‌رانبه‌ر دوژمنانی له ئاماده‌كارییه‌كی ته‌واودایه و به‌رپه‌رچی هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌داته‌وه.
رۆژی چوارشه‌م 21ی ئایار، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیسرائیل به ته‌له‌ڤزیۆنی سی ئێن ئێنی ئه‌مه‌ریكی گوتبوو، ئیسرائیل هیچ رێككه‌وتنێكی خراپ له نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا قبووڵ ناكات، بۆیه خۆی ئاماده ده‌كات تا هێرش بكاته سه‌ر ناوه‌نده ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران.
سه‌رچاوه ئیسرائیلییه‌كه ئاماژه‌ی دابوو كه ئیسرائیل ئاماده‌كاریی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌نیا ئه‌و ئۆپراسیۆنه له دژی ئێران جێبه‌جێ بكات.
ده‌گوترێ بڕیاری كۆتایی ئیسرائیل له هێرشكردنه سه‌ر ئێران، به ده‌ره‌نجامه‌كانی دانوستانی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا گرێ دراون و ئه‌گه‌ر به‌دڵی ئیسرائیل نه‌بێت، ئه‌وا هێرشه‌كه ده‌كات.
جێی باسه ئه‌و هه‌ڕه‌شه و به‌یاننامانه له كاتێكدا ده‌رده‌كرێن كه دوێنێ هه‌ینی، گه‌ڕی پێنجه‌می دانوستانی ئه‌تومی له نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكادا له رۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا به‌ڕێوه چوو، هه‌رچه‌نده هه‌ردوو لایه‌ن ئه‌نجامه‌كانیان به ئه‌رێنی ناو بردووه، به‌ڵام هیچ لایه‌كیان له هێڵه سووره‌كانیان پاشه‌كشه‌یان نه‌كردووه.