لە دوای ماوەیەك لە ئاڵۆزی لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە كۆتایی 2024، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە ئاداری رابردوو لە دیمەشق رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان بۆ رێكخستنی شێوەی پێوەندیی ناوچە كوردییەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا و حكوومەتی نوێی ئەو وڵات واژوو كرد، راپۆرتێك دووپاتی دەكاتەوە ئەو رێككەوتنە دوو بژارەی لەبەردەمدایە.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕ
ی"عەرەبی جەدید"ی قەتەڕی رێككەوتنی دیمەشق لە نێوان هەسەدە و ئیدارەی نوێی سووریا لەبەردەم دوو بژارەدایە، جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بە یەكخستنی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەی سەربازیی دیمەشق، واتە تەواوی ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا دەكەنەوە ژێر دەسەڵاتی دیمەشق، دووەم رووبەڕووبوونەوەی سەربازییانە، كە تا ئێستە هەردوولا خۆیان لێی دەپارێزن.
لە ماوەی رابردوو هەسەدە دەستی بە وەرگرتنی چەند رێوشوێنێك وەك ئامادەسازی بۆ شەڕ و رووبەڕووبوونەوە كردووە، هەڵمەتێكی گرتنی چالاكانی لە رەقە دەست پێ كردووە و تونێل لێ دەدات و مین دەچێنێت. لەوكاتەش كە ئیدارەی نوێی دیمەشق خۆی لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لادەدات، توركیا و گرووپەكانی پاڵپشتیان دەكات، دەیانەوێ بەرەو جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بەهەر شێوەیەك دۆخەكە پاڵ بنێن، چونكە ئەنقەرە مانەوەی هەسەدە بە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
وەك ئاژانسی ئەنەدۆڵ باسی كرد، دووشەمی رابردوو ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی توركیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی و حوسێن سەلامە سەرۆكی هەواڵگریی سووریا باسی چەكدانان و یەكخستنی هێزەكانی هەسەدەیان لەگەڵ هێزەكانی سووریا كردووە، جیا لە رادەستكردنی ئاسایشی سنوورەكان و گومرگ و پاراستنی ئاسایشی گرتووخانەكانی داعش بۆ حكوومەتی سووریا.
جان عەلی نووسەر دەڵێت، تا ئێستە پێوەندییەكانی هەسەدە و دیمەشق ناروونە، چەند سیناریۆیەك بۆ ئەو پێوەندییانە هەیە لەوانە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری، واتە نەمانی رێككەوتنەكان، سیناریۆی تر جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان و چارەسەركردنی بابەتەكانە بە گفتوگۆ تا كۆتایی ئەمسال، سێیەم سیناریۆش دروستبوونی بەریەككەوتنی سنووردارە، بەڵام ئەگەر دروست ببێت رەنگە چەند لایەنێكی ناوچەكە و دنیا ئاگرەكەی خۆش بكەن، وەك ئێران و رووسیا و میلیشیاكانی عێراق، كە لەسەر سنوورەكانی سووریا جێگیر كراون.