ئەمڕۆ سێشەم فەریق محەمەد عەبدولوەهاب سەعیدی فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی سنووری عێراق سەردانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ كۆبووەوە، ئەوان باسی هاوئاهەنگیی هاوبەشی تەناهییان كرد.
بەپێی
بەیاننامەیەكی فەرماندەیی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە چوارچێوەی هاریكاریی هاوبەشی تەناهی، ئەمڕۆ سێشەم فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی سنووری عێراق سەردانی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە هەولێر كرد و چاوی بە وەزیری ناوخۆی هەرێم كەوت.
بەپێی بەیاننامەكە لەو دیدارە باسی رێگەكانی فرەوانكردنی ئاستی هاوئاهەنگی و كاری هاوبەشیان لە نێوان فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی سنووری عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كرد، بەتایبەتی پێوەست بە پاراستنی ئاسایشی پشتێنەی سنووری لە چوارچێوەی دەسەڵاتی هێزەكانی ناوچەی یەكی سنوورپارێز و زیادكردنی رێوشوێنە تەناهییە هاوبەشەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و هەڕەشەكان لە دەرەوەی سنوورەكانەوە.
لە دیدارەكە هەردوولا باسی گرنگیی زیادكردنی هاریكاریی مەیدانی و ئاڵوگۆڕكردنی زانیارییەكانیان كرد بەوەی دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی ئامادەیی و سەقامگیری لە ناوچە سنوورییەكان، دووپاتیان لە پێویستیی بەردەوامبوونی دیدارەكان و هاوئاهەنگیی راستەوخۆ كردەوە بەو شێوەی ئامانجە تەناهییە هاوبەشەكان بێنێتە دی.