ترەمپ: رەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێران بگەین بە رێككەوتن

:: PM:08:53:28/05/2025 ‌

شارەزایان پێیان وایە تا ئێستە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆی ئەو باس و پرسانەی بەر لە هەڵبژاردنی بەڵێنی دابوو زۆر سەركەوتوو نەبووە، ئەوەش كار لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی حزبەكەی بۆ كۆنگرێس دەكات، بۆیە رەنگە لە رێككەوتن لەگەڵ ئێران و ئاگربەستی ئۆكراینا بەپەلە بێت، ئەمڕۆ رای گەیاند كە دەكرێ لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێران رێك بكەون.

ئەمڕۆ ترەمپ بە رۆژنامەوانانی گوت، دەكرێ لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێران بگەین بە رێككەوتن، دووپاتی كردەوە كە بنیامین نەتنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی لە هێرشكردنە سەر ئێران وریا كردووەتەوە، چونكە گفتوگۆی باشمان لەگەڵ ئێران هەیە و ئێستە ئەو كارە گونجاو نییە، پێم وایە ئێران دەیەوێ بگەین بە رێككەوتن و بە نەتنیاهۆم گوتووە كە زۆر لە رێككەوتن نزیكین، ئەگەرچی دەكرێ دۆخەكە بگۆڕێت.

تا ئێستە پێنج گەڕی گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی ئێران و ئەمەریكا بە میانگیریی عومان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بەڕێوە چووە، ئەو گفتوگۆیانەی لە 12ی نیسانی رابردوو دەستیان پێ كرد، لە پێنجەم گەڕی گفتوگۆكان كە هەینی رابردوو لە رۆما بەڕێوە چوو، شاندی هەردوولا نەگەیشتن بە هیچ ئەنجامێك و هەردوولا سوورن لەسەر هەڵوێستیان، لەو ناوەدا عومان پێشنیازێكی كردووە بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكان و رێككەوتنێكی كاتی بۆ هەڵپەساردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێران بەرانبەر بە سووككردنی سزاكان لەسەری لە لایەن ئەمەریكاوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل