بەهۆی هەژموونی ئێرانەوە بەرپرسانی ئەمەریكا داوای سزادانی عێراق دەكەن

:: AM:09:18:29/05/2025 ‌
بەهۆی هەژموونی ئێرانەوە كۆنگرێسمانەكانی ئەمەریكا سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت سزای عێراق بدرێـت و داوایان لە حكوومەتی وڵاتەكەیان كردووە دەست بەرێكارەكان بكات.

كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی، نامەی دوو كۆنگرێسمانی كۆمارییەكانی بڵاو كردووەتەوە، كە تیایدا داوا لە وەزیری دەرەوە دەكەن، سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، بەهۆی ملكەچبوونی تەواوەتی بۆ ئێران.

لەگەڵ هاتنە سەركاری  ترەمپ و ستافەكەی عێراق بەهۆی ملكەچبوونی بۆ ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كەوتووەتە بەر نەفرەتی سیاسیەتی نوێی ئەمەریكی.

جۆ ویڵسن و گرێگ ستیوب، لە نامەكەیاندا بۆ وەزیری دەرەوە و راوێژكاری بە وەكالەتی ئاسایشی نیشتمانی، نووسیویانە: لە سەرەتای شەڕی عێراقەوە، زیاتر لە چوار هەزار و 400 سەربازی ئەمەریكی گیانی خۆیان بەخت كردووە، بەڵام عێراق ئەمڕۆ هیچ نییە جگە لە بوكەڵەیەك بەدەستی تارانەوە.

لە نامەكەدا هاتووە، ئیدارەی ئۆباما هەڵەكانی زیاتر كرد، كاتێك پشتی بە میلیشیاكانی سەر بە ئێران بەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئاكامەكانی ئەو بڕیارە شكستخواردووەش هیچ گومانێكی تێدانیە، سەرەنجام هێزە پاڵپشتیكراوەكانی ئێران بوونە خاوەنی دەسەڵاتی رەها بەسەر حكوومەت و هێزەتەناهییەكانی تری عێراقەوە.

لەگەڵ هاتنە سەركاری ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ، كۆتایی بەو لێخۆشبونانە هێنا كە رێگەی بە عێراق دەدا كارەبای لە ئێران بكڕێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتی زۆرترین گوشار، ئەمەش عێراقی تووشی شەڵەژان كردووە.

ئەمەریكا لەرێی پشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەیەوێت پەرە بەكێڵگەی وزە لە كوردستان بدات و بەم كارەش یارمەتی عێراق بدات تا واز لەوزەی ئێران بێنێت، بەڵام گروپەكانی ناو حكوومەتی فیدڕاڵ بەهۆی ملكەچبوونیان بۆ ئێران كەوتوونەتە دژایەتی ئەو پرۆژەیە و ئەمەش ئەمەریكای نیگەران كردووە.

لەنوێترین پێشهاتدا بۆ خستنەسەر رێی ئەو پرۆژەیە كە كۆمپانیای ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان دەیانەوێت كار لەكەرتی بووژانەوەی وزە بكەن،  ئێوارەی دوێنێ چوارشەم، 28ی ئایار، نێچیرڤان بارزانی  سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاوە پێگەیشت.
 
‎ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ئێكس رای گەیاند "پێوەندییەكی تەلەفۆنیی بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی هەبوو".
 
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتی، "هاوئاهەنگیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستانی عێراق دەبێتە هۆكاری سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكەش بەگشتی. هاوبەشی گرنگ لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا سوود بە گەلانی عێراق و ئەمەریكاش دەگەیێنێت".
 
كاریگەری هەژمونی ئێران لەسەر عێراق بە تەواوی دەركەوت، كاتێك عێراق فەرمانی گرتنی بۆ سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەركرد لە ساڵی  2021 بەتۆمەتی كوشتنی قاسم سولەیمانی، تەنانەت لە كاتێكدا  كە 2500 سەربازی ئەمەریكی لەسەر زەوی لە عێراقدا بوون و هاوبەشن لەگەڵ هێزە ناوخۆییەكان و روبەڕوبونەوەی داعش.

ئەو دوو كۆنگرێسمانە داوایان كردووە، هێزەكانی حەشدی شەعبی، كە گروپێكی نیمچە سەربازییەو لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و لە عێراق كاردەكەن،  وەك گروپێكی تیرۆریستی بیانی بناسرێن و، سزا بخرێتە سەر بانكە حكوومیەكانی عێراق، كە لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی ئێران دەكەن، هاوكات سزاش بخرێتە سەر ئەو كەسایەتیە سیاسییە عێراقیانەی كە ئاسانكاری بۆ بەهێزبونی هەژموونی ئێران دەكەن.





وشە - سۆران عەزیز