سەرچاوەیەك: شاندێكی عێراق سەردانی هەرێم دەكات

:: PM:09:12:29/05/2025 ‌

جارێكی تر و لەبەر هۆكاری سیاسی و دوور لە پاساوی روونی دەستووری و یاسایی، وەزارەتی دارایی فیدراڵی هەڵوێست لە دژی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، وەك هەموو جارێكیش سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی ئەو پێشێلكارییانە دەدەنەوە و هەڵوێستی كاریگەر وەردەگرن، بەپێی سەرچاوەیەك لە رۆژانی داهاتوو شاندێكی باڵای عێراق سەردانی هەرێم دەكات.

بەپێی سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە رۆژانی داهاتوو شاندێكی باڵای سیاسی بە سەرۆكایەتیی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر سەردانی هەولێر دەكات، بە مەبەستی هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی دوایی، لەو سەردانە تاوتوێی چەند پرسێك دەكرێت لەوانە گرێبەستەكانی دوایی لە واشنتن لە نێوان هەرێم و دوو كۆمپانیای ئەمەریكی لە بواری غاز واژوو كران.  

جیا لەوە باسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دانانی میكانیزمێك بۆ بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەكان دەكرێت، بەپێی سەرچاوەكە حكوومەتی فیدراڵی نایەوێ دۆخەكە زیاتر پەرە بستێنێت، لە هەمان كات دەیەوێ چوارچێوەیەكی روونی دەستووری بۆ بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەكان هەبێت.

عەبدولحەسەن شمەری توێژەری ئابووری دەڵێت، ئەمەریكا وا سەیری هەرێمی كوردستان دەكات هاوبەشێكی ئابووریی سەقامگیر و نەرمترە، بەتایبەتی لە ساسەی ئەو كێشانەی لە ژینگەی وەبەرهێنان لە بەغدا هەیە، بەهۆی ئەو شپرزەییەی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی وزە و نەبوونی دیدێكی روون بۆ رێكخستنی پێوەندی لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان لە عێراق هەیە گومانی ئەمەریكا بەرانبەر بەغدا زیادی كردووە.

زیاتر گوتی، رەنگە واشنتن متمانەی بە ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتنی درێژخایەن لەگەڵ بەغدا بێ بوونی بەربەستی سیاسی و ئیداری لەدەست دابێت، بۆیە دەیەوێ زەوینەیەكی نوێ لەگەڵ هەرێم دروست بكات، وەك بەشێك لە سیاسەتەكانی بۆ پاراستنی وەبەرهێنانەكانی و مسۆگەریی مانەوەی دەسەڵاتی لە بازاڕی وزەی عێراقی، بۆیە ئەگەری هەیە ئەو ئاراستەیە ببێتە مایەی گوشاری زیاتر لەسەر حكوومەتی فیدراڵی، ئەوە ئەگەر بەغدا چارەسەری گونجاو بۆ هاوسەنگیكردن لە نێوان سەروەری و كرانەوەی ئابووری پێشكەش نەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل