ماوه‌یه‌كه فالح فه‌یاز سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى و قه‌یس خه‌زعه‌لى سكرتێرى میلیشیاكانى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق، كه‌وتوونه‌ته ململانێى یه‌كتر و دواجار سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى په‌یامێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه، تێیدا خه‌زعه‌لى به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، تۆمه‌تى پووچه‌ڵ و دوور له راستى بڵاو ده‌كاته‌وه، داواشى لێ ده‌كات پابه‌ند بێت به شه‌ره‌فى ركابه‌رییه‌وه.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 31ى ئایار، فالح فه‌یاز سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى له
راگه‌یه‌نراوێكدا كه به ناوى ده‌سته‌كه بڵاو كراوه‌ته‌وه، وه‌ڵامى ئه‌و هێرشانه ده‌داته‌وه كه له‌لایه‌ن خه‌زعه‌لى و میلیشیاكه‌ى ئه‌نجام ده‌درێن. دوێنێ خه‌زعه‌لى له دیمانه‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنى، فالح فه‌یازى به‌وه تۆمه‌تبار كرد ناوى هێزه‌كانى حه‌شدى عه‌شایه‌رى ده‌شارێته‌وه و گوایه ئه‌مانه له‌لایه‌ن توركیاوه دانراون.
پێشتریش به‌رپرسانى عه‌سائیب فهیازییان به‌وه تۆمه‌تبار كردووه گوایه له سوننه‌كان نزیك ده‌بێته‌وه، پێوه‌ندیى له‌گه‌ڵ كه‌سانى وه‌ك عه‌لى حاته‌م هه‌یه كه شێخێكى به‌ناوبانگى سوننه‌یه. ئه‌مڕۆ له راگه‌یه‌نراوێكدا فالح فه‌یاز وه‌ڵامى تۆمه‌ته‌كانى قه‌یس خه‌زعه‌لى داوه‌ته‌وه، وێڕاى ئه‌وه‌ى له چه‌ند خاڵێك روونكردنه‌وه له‌سه‌ر میلیشیاى حه‌شدى عه‌شایه‌رى ده‌دات، داواى له خه‌زعه‌لى كردووه، "سیاسه‌ت له حه‌شد دوور بخاته‌وه". له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، "لێدوانه‌كانى تۆمه‌تى پووچه‌ڵ و دوور له هه‌قیقه‌ت له‌خۆ ده‌گرێت". جیا له‌مه‌ش داوا له قه‌یس خه‌زعه‌لى ده‌كات، ململانێى هه‌ڵبژاردن و سیاسه‌ت له حه‌شد دوور بخاته‌وه و پابه‌ندى شه‌ره‌فى ركابه‌ریى هه‌بێت.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی فه‌یاز له‌گه‌ڵ شێخه‌كانى سوننه له ئه‌نبار كۆبووه‌ته‌وه، فه‌یاز پێشتر دووپاتى كردووه‌ته‌وه، له بۆنه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆبووه‌ته‌وه و ئه‌مه به هه‌ڵه نازانێت كه به‌خێرهاتنى عه‌لى حاته‌مى كردووه، دووپاتیش ده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر بۆنه‌كه دووباره بێته‌وه، ئه‌وا هه‌مان هه‌ڵوێستى ده‌بێت.