ئێران: پێشنیازێكی ئەمەریكامان لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی بەدەست گەیشتووە

:: PM:08:53:31/05/2025 ‌

ماوەیەكە راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن كە ئەمەریكا پێشنیازێكی سەبارەت بە دیدی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شێوەی رێككەوتنی دەیەوێ لەگەڵ ئێران سازی بكات بە بەرپرسانی ئێران داوە، پێشنیازەكە لە چوارەم گەڕی گفتوگۆكان بە وەزیری دەرەوەی ئێران درابوو بۆ ئەوەی لە تاران تاوتوێ بكرێت، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە پێشنیازێكی ئەمەریكییان بەدەست گەیشتووە.

ئەمڕۆ شەموو عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، بەدر بووسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان لە میانی سەردانێكی كورتخایەنی بۆ تاران، بڕگەكانی پێشنیازێكی ئەمەریكی بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و ئەمەریكای پێشكەش كردوون.

روونی كردەوە، ئێران بەو شێوەی لەگەڵ بەها و پرەنسیپ و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و مافەكانی گەلی ئێران دەگونجێت وەڵامی پێشنیازەكە دەداتەوە، ئەو قسانەی عێراقچی بەر لە بەڕێوەچوونی شەشەم گەڕی گفتوگۆكانە كە بڕیارە لە ماوەیەكی نزیك لەگەڵ ئەمەریكا بەڕێوە بچێت، بەڵام تا ئێشتە شوێن و كاتەكەی دیاری نەكراوە.

لەوكاتەی ئێران و ئەمەریكا تا ئێستە پێنج گەڕی گفتوگۆی ناراستەوخۆیان لە مەسقەت و رۆما ساز كردووە، ئەو گفتوگۆیانەی بە میانگیریی عومان لە 12ی نیسانی رابردوو دەستیان پێی كراوە، هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە رەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێران بگەن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی.  

ئەو قسانە لەوكاتە دێت كە بەپێی سەرچاوەكان ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا بە نیازن گوشار بخەنە سەر ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ دەركردنی راگەیاندنێكی فەرمی بەوەی ئێران پابەندییە ئەتۆمییەكانی جێبەجێ نەكردووە، كە رەنگە دۆخەكە ئاڵۆز بكات، لەوكاتەی بڕیارە ئەنجوومەنەكە لە نۆی حوزەیرانی داهاتوو كۆ ببێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل