"پلانی ئیسرائیل بۆ لێدانی ئێران ئامادەیە"

:: PM:11:25:31/05/2025 ‌

راپۆرتەكەی ئەمڕۆی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی زەنگێكی مەترسیدار بوو بۆ دنیا، بەوەی ئێران لە پەرەپێدان بە توانا ئەتۆمییەكانی بەردەوامە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە مەبەستی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران مەدەنی نییە و    پێویستە بوەستێنرێت، هاوكات دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاماژە دەكات كە تەلئەبیب پلان و ئامرازەكانی كردنەئامانجی ئێرانی ئامادە كردووە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاشكرای كرد كە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو تەلئەبیب ئامادەسازییەكانی خۆی زۆر پێش خستووە بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، پلانی هێرشەكەی داناوە و مانۆری سەربازیشی بە فڕۆكەكان كردووە و ئەوانی لەسەر گورزێكی دوورمەودا راهێناوە، جیا لە تاقیكردنەوەی توانای چەكەكانی بەكاریان دێنێت، بەتایبەتی لەوانەی لە یەمەن بەكاری هێنان، جیا لەوە راهێنان لە ناوخۆی ئیسرائیلش كراوە. 

بەپێی دەستەكە ئەو چەكانەی بەم دواییە لە رێگەی پردێكی ئاسمانی گەیشتوونەتە ئیسرائیل بەشێكن لە ئامادەسازییەكان، هاوكات ئێستە فەرماندە باڵاكانی سوپای ئیسرائیل هەر دوو هەفتەیەك هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە دەكەن، هەموو ئەوانەش لە سایەی بەڕێوەچوونی گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی ئێران و ئەمەریكا بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل