گفتوگۆی خۆسەریی رۆژئاوا و دیمەشق كۆتایی هات

:: PM:07:25:01/06/2025 ‌

دوێنێ شاندێكی خۆسەریی باكور و رۆژئاوای سووریا سەردانی دیمەشقی كرد بۆ باسكردنی وردەكاری و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی لە ئاداری رابردوو لە لایەن ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی كاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە واژوو كرا، ئەمڕۆ شاندی هەردوولا كۆتاییان بە گفتوگۆكانیان هێنا و بڕیارە ئێواری ئەمڕۆ بەیاننامەیەكی هاوبەشیان هەبێت.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرپرسانی دیمەشق پێشوازیان لە شاندێكی بەڕێوەبەرێتی خۆسەریی رۆژئاوا كرد و دیداری ئەوان سێ سەعاتی خایاند، كە یەكەمینە لە دوای دیدارەكەی دیمەشقی شەرع و عەبدی، لە دیدارەكەی ئەمڕۆ بەرپرسێكی ئەمەریكی لە وەزارەتی دەرەوە ئامادە بوو، لە لایەنی حكوومەتی سووریاش یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی رێككەوتنی حەلەب و بەرپرسی تەناهیی شاری عەفرین ئامادە بوون.  

لە كۆبوونەوەكە چەند پرسێكی تر باسیان لێوە كرا، لەوانە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، دوو گەڕەكە كوردییەكەی پارێزگەی حەلەب كە لە مانگی نیسانی رابردوو كرا، هەروەها باسی یەكخستنی هێزەكانی هەسەدەیان لەگەڵ سوپای سووریا كرد، بڕیارە لە دوای پشووەكانی جەژنی قوربان چەند لیژنەیەك پێك بهێنرێت. 

هەینی رابردوو مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە رای گەیاند كە ئامادەن بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ دیمەشق، بەڵام پێویستە گفتوگۆكان لە چوارچێوەی نامەركەزییەتێكی سیاسی بێت، دووپاتی كردەوە كە هەر یەكخستنێكی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوە سەربازییەكانی سووریا پێویستیی بە چەند ساڵێك هەیە و بابەتێك نییە بتوانرێت بە خێرایی و شێوەیی جێبەجێ بكرێت. 

عەبدی دووپاتی كردەوە كە یەكخستنی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتی سووریا پێویستە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی گشتگیر بێت، ددان بە پرەنسیپی نامەركەزیەت و مافی هەموو پێكهاتەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سووریا بنێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل