مۆسكۆ و كیێڤ زانیاری نوێ لەسەر هێرشەكەی ئۆكراینا ئاشكرا دەكەن

:: PM:09:41:01/06/2025 ‌

ئەمڕۆ ئۆكراینا هێرشێكی گەورەی كردە سەر ژمارەیەك فڕۆكەخانەی رووسیا لە دووری هەزاران كیلۆمەتر لە سنوورەكانی و ژمارەیەك فڕۆكەی ستراتیجیی رووسی تێكشكاند، هەردوو وڵات هێرشەكە بە گەورە دادەنێن، ئەوە لەوكاتەی بڕیارە سبەی دووشەم دووەم گەڕی گفتوگۆكانیان بۆ ئاگربەست لە ئیستەنبووڵ بەڕێوە بچێت.   

دوای هێرشەكە وەزارەتی بەرگریی رووسیا رای گەیاند كە ژمارەیەك بەشدارانی هێرشەكەی ئۆكراینایان گرتووە، كە چەند فڕۆكەخانەیەكی سەربازی لە چەند ناوچەیەكی رووسیا كردووەتە ئامانج، كاتێك بەیانیی ئەمڕۆ كیێڤ زنجیرەیەك هێرشی بە بەكارهێنانی درۆنی جۆری " FPV " بۆ سەر چەند فڕۆكەخانەیەكی سەربازی لە ناوچەكانی مۆرمانسك و ئیركوتسك و ئیڤانۆڤۆ و ریازان و ئاموور كردە ئامانج. 

بەپێی وەزارەتەكە لە ئەنجامی هێرشەكان ژمارەیەك فڕۆكەی سەربازی سووتان، لە ئەنجامی هێرشی درۆنەكان كە لە ناوچەیەكی نزیك لە فڕۆكەخانەكان هەڵدرابوون، هێزی ئاسمانیی رووسیا توانی بەرپەرچی زۆرینەی هێرشەكان بداتەوە، لێكۆڵینەوە بەردەوامە و ژمارەیەك لە تێوەگلاوان لە هێرشەكان گیراون.

لای خۆیانەوە بەرپرسانی ئۆكراینا دەڵێن لەو هێرشانەی ئەمڕۆ زیاتر لە 40 فڕۆكەی سەربازیی رووسیا لە رێگەی درۆن لە ناو قووڵایی خاكی رووسیا تێكشكێنراون، ئامادەسازی بۆ ئەو هێرشە زیاتر لە ساڵ و نیوێكی خایاندووە و سەرۆكی ئۆكراینا راستەوخۆ سەرپەرشتیی كردووە و درۆنەكان لە رێگەی بارەبەرەوە بەرەو ناو خاكی رووسیا گوازراونەتەوە.

بەرپرسانی ئۆكراینا قەبارەی زیانەكانی رووسیایان لە هێرشەكەی ئەمڕۆ و بەهۆی تێكشكانی فڕۆكە سەربازییەكانی بە حەوت ملیار دۆلار خەمڵاند كە 34%ی بۆمبهاوێژە ستراتیجییەكانی رووسیای گرتووەتەوە كە دەتوانن مووشەكی جۆری كرووز هەڵبگرن.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل