دوای جەژن وەرگرتنی گەنم لە هەولێر دەست پێ‌ دەكات

:: PM:01:29:03/06/2025 ‌
بڕیارە لە دوای جەژن راستەوخۆ دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر بكرێت و گیروگرفتەكانی وەرگرتنیش چارەسەر كراون.

ئەمڕۆ سێشەم سێی حوزەیران، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە لیژنەی باڵای بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران كرد، لەو كۆبوونەوەیەدا هێمن قادر جێگری پارێزگار و سەرۆكی لێژنەی باڵای بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران، سەید هێمن بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر و ئەندامانی لیژنەكە ئامادەی بوون.

لە كۆبوونەوەكەدا دووپات كرایەوە كە كەرتی كشتوكاڵی‌ كۆڵەكەیەكی بەهێز و پێویستی هەموو وڵاتێكە‌، بیرۆكەی بەبازاركڕدنی گەنمی جووتیاران جگە لەوەی لە بەرژەوەندیی جووتیارانی كوردستانە، هاوكات یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی وەبەرهێنان و كارنامەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان‌، هۆكارێكیش دەبێت بۆ بووژاندنەوەی دانەوێڵە و كشتوكاڵ بەگشتی.

لای خۆیەوە هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی لێژنەی باڵای بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران، ئاماژەی بە بیرۆكە و پلانەكانی ئەمساڵی بەبازاڕكردنی گەنم كرد و گیروگرفتەكان و كێشە تەكنیكییەكانی لەگەڵ حكوومەتی ناوەند شی كردەوە، دووپاتی لەسەر شێوازی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر ‌كردەوە.

لە كۆتاییدا كۆبوونەوە بە وەرگرتنی چەند بڕیارێك، بەرژەوەندیی جووتیارانی شاری هەولێریان بەهەند وەرگرت و رۆژی 12.6.2025یان بە وادەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر دیاری كرد.



وشە - باز ئه‌حمه‌د