بۆچی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان دەكشێتەوە و چیی نوێ روو دەدات؟

:: AM:09:46:04/06/2025 ‌
نێردەی نوێی ئەمەریكا لە سووریا رای گەیاند، ئەمەریكا هێزەكانی خۆی لەو وڵاتە  كەم كردووەتەوە و سیاسەتی واشنتن بەرانبەر ئەو سووریا گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە.

تۆماس براك گوتی، ئیدارەی واشنتن لە جیاتی هەشت بنكەی سەربازی، بنكە سەربازییەكانی بۆ یەك بنكە كەم كردووەتەوە و بنكەی سەوز داخراوە، بنكەی سەربازیی فوراتیش رادەستی هێزەكانی سووریای دیموكرات كراوە.

براك دەڵێت: ئاماژەی روون هەیە دیداری نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئەنكەرە، بەچاودێریی ئەمەریكا ئەنجام بدرێت.

هاوكات وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕای گەیاند، هەنگاوی گەورەیان ناوە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەكانی سووریای دیموكرات.

میدل ئیست ئای بەریتانی بڵاوی كردەوە، هەفتەی رابردوو هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و توركیا بە ناوەندگیریی ئەمەریكا، گفتوگۆی راستەوخۆیان ئەنجام داوە و تاوتوێی كشانەوەی ئەمەریكا و چۆنیەتیی تێكەڵكردنی هەسەدە و سوپای نوێی سووریا كراوە، هەروەها توركیا رازییە بە ئۆتۆنۆمییەكی نافەرمی لە ناوچە كوردییەكان.

ئاماژەی بەوەش كرد، هەردوولا تاوتوێی كشانەوەی ئەمەریكایان لە سووریا كردووە، وێڕای رادەستكردنی گیراوانی كەمپەكان و دەستبەسەركردنی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و خێزانەكانیان.

بەگوێرەی پێگە بەریتانییەكە، لە كۆبوونەوەكەدا كە بەرپرسانی ئاست مامناوەندی هەردوولا ئامادەی بوون، تیشك خراوەتە سەر چۆنیەتیی تێكەڵكردنی هێزەكانی سووریای دیموكرات لەناو سوپای نوێی سووریا لە ژێر فەرماندەیی دیمەشقدا.

سەرچاوە ناوخۆییەكان لە ئەنكەرە، بە "میدل ئیست ئای"یان راگەیاندووە، رەنگە حكوومەتی توركیا ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمیی نافەرمی قبووڵ بكات، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات بتوانن هێزێكی ئاسایشی ناوخۆیی لە ناوچە زۆرینە كوردییەكان هەبێت و حكوومەتی خۆجێی لەگەڵ دەسەڵاتە شارەوانییەكان بەڕێوە ببەن، بەڵام هەر هەنگاوێك بەرەو ئۆتۆنۆمی فەرمی، وەك هێڵی سوور دەمێنێتەوە.



وشە - سۆران عەزیز