لە ماوەی رابردوو دوای سەرهەڵدانی كێشەی مووچە لە نێوان بەغدا و هەولێر، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق، كە ئێستە شەڕێكی سەخت دەكات بۆ دوورنەخستنەوە و گەڕانەوەی بۆ كایەی سیاسی لە دوای دەكردنی لەسەر ساختەكاری، بە جۆرێك باسی چارەسەركردنی ناكۆییەكانی بەغدا و هەولێر دەكات كە هەرێم تۆمەتبارە، پەرلەمانتارێكی كوردیش وەڵامێكی توندی دەداتەوە.
ماجد شنگالی پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لە پۆستێك نوسیویەتی، گلەیی لە حەلبووسی ناكەین كە بە خواستی سیاسی و هەوەسی تایبەتیی خۆی پۆست دەكات، چونكە ئەو قۆناغی نووسینەوەی دەستووری عێراقی نەبینیوە و پێشم وا نییە بە جوانی خوێندبێتیەوە، چونكە ئەگەر بیخوێندبایەوە ئەوەی باسی كردووە هەڵەیەكی گەورەیە و بیركردنی مەركەزیەت و عەقڵیەتی تاكەكەسییە كە ئەو ئاشقیەتی.
زیاتر گوتی، دەستووری عێراق روون و راشكاوانەیە لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی پێوەست بە نەوت و سامانە سروشتی و دەروازە سنوورییەكان، بۆیە هیچ بوارێك بۆ لێكدانەوەی بەو شێوەیە نییە.
شایەنی باسە ئێستە محەمەد حەلبووسی گوشارێكی زۆری لەسەرە، چ لەناو ماڵی سوننە و چ لە لایەن شیعەكانەوە، بۆیە دەیەوێت لە رێگەی هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان ئەویش شتێكی پێ ببڕێت، بۆیە بێ گوێدانە ئەوەی لە دەستوور باس كراوە، بڵاوی كردەوە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر دەبێت بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و ئیدارەدانی دەروازە سنوورییەكان و دابەشكردنی داهات دەسەڵاتی راستەوخۆی حكوومەتی فیدراڵی بێت.