لە ماوەی رابردوو شاندێكی خۆسەری رۆژئاوا سەردانی دیمەشقی كرد و لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی ئاداری رابردووی نێوان مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا لە دیمەشق گفتوگۆیان كرد، بڕیارە دوای جەژن شاندێكی فرەوانتری كورد سەردانی دیمەشق بكات.
سەرچاوەیەكی نزیك لە هەسەدە ئاشكرای كرد لە دوای چەند رۆژێكی تر، واتە لە دوای پشووەكانی جەژنی قوربان، شاندێك سەردانی دیمەشق دەكات و گفتوگۆ لەبارەی چەند دۆسیەیەك دەكەن، لەوانە تەناهی و سامانە سروشتییەكان و داواكاریی ئیدارەی خۆسەری بە نامەركەزیەت لە فەرمانڕەوایی، كە لێی پاشگەز نابنەوە، چاوەڕوان دەكرێت لەو كۆبوونەوانە چارەنووسی هەسەدەش یەكلا بكرێتەوە.
لەبارەی ئەندامانی شاندەكە سەرچاوەكە گوتی، شاندەكە لە ئاڵدار خەلیل و پەروین یووسف و نەسرەدین ئیبراهیم وەك نوێنەری حزبەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كورد و محەمەد ئیسماعیل و سلێمان ئوسو و فەیسەڵ یووسف لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا و سەڵاح دەروێش وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ پێك دێت، جیا لەوانە مەزڵووم عەبدی دوو ناوی تر بۆ شاندەكە زیاد دەكات، بەوەش ژمارەی ئەندامانی شاندەكە دەبێتە نۆ كەس.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندێكی خۆسەریی رۆژئاوا لە دیمەشق لەگەڵ شاندی ئیدارەی نوێی سووریا كۆبووەوە، ئەوان لەسەر چەند پرسێكی ناكۆك رێك كەوتن، لەوانە پەروەردە و فێركردن و حسێبكردنی بڕوانامەكان.