ئیسرائیل باشووری بەیرووت بە چڕی بۆردمان دەكات

:: PM:11:55:05/06/2025 ‌


ئەمڕۆ پێنجشەم دوای ئاگەداركردنەوەی دانیشتووانی چەند ناوچەیەك لە باشووری بەیرووت، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 20 هێرشی ئاسمانی كردە سەر ئەو ناوچانە و رای گەیاند كە چەند حەشارگەیەكی حزبوڵای لە ژێر زەوی بۆردمان كردووە.

بەپێی میدیاكان ئەمشەو سوپای ئیسرائیل 16 هێرشی ئاسمانی لە رێگەی درۆن و پێنج هێرشی تری لە رێگەی فڕۆكە جەنگییەكان كردووەتە سەر چوار ناوچە لە باشووری بەیرووت، هەشت تەلاری لەو ناوچانە كردە ئامانج، وەك سوپاكە دەڵێت چەند حەشارگەیەكی حزبوڵای لبنانی لەژێر زەوی كردووەتە ئامانج كە بۆ دروستكردنی درۆن بەكار دەهێنران.

لەو كاتەی پێش بۆردمانەكان لبنانییەكان ناوچەكەیان جێهێشت، بەرپرسانی ئیسرائیل گوتیان مەبەستی بۆردمانەكە رێگرتنە لە حزبوڵا بۆ خۆرێكخستنەوە، لە دوای كوژرانی زۆرینەی سەركردەكانی و لەناوچوونی ژێرخانە سەربازییەكەی، سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە یەكەی 127ی حزبوڵای لە باشووری بەیرووت كردووەتە ئامانج.

ئەمڕۆ پێش هێرشەكە ئیسرائیل دانیشتووانی ئەو چوار ناوچەی لە باشووری بەیرووت ئاگەدار كردبووەوە بەوەی حەشارگەكانی حزبوڵا لە ناوچەكەیان بۆردمان دەكات و چۆڵی بكەن، ئەو حەشارگانە درۆنی تیادا بەرهەم دێت، بۆیە دوای ئاگەداركردنەوەكە خەڵكێكی زۆر ناوچەكەیان جێهێشت، ئەگەرچی سوپای لبنان ویستی بەر لە هێرشەكە ناوچەكان بپشكنێت بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی حەشارگەی حزبوڵا، بەڵام ئیسرائیل رازی نەبووە و بۆردمانەكەی كردووە.   


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل