رافائێل گرووسی سه‌رۆكی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی، هۆشداریی دا له توانا ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئاگادار كرده‌وه له‌وه‌ی، ئێران تا ئه‌م ساته هیچ جۆره چه‌كێكی ئه‌تۆمی نییه، به‌ڵام توانای هه‌یه به‌رهه‌می بێنێت.
ئه‌و له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی فایننشاڵ تایمز، به توندی هۆشداریی دا و گوتی، ئه‌گه‌ر ئێران ده‌ستی به چه‌كه‌كه بگات، ئه‌وا كاردانه‌وه‌ی ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی به‌دواوه ده‌بێت و ئه‌وانیش هه‌مان رێچكه ده‌گرنه‌به‌ر.
به‌گوته‌ی گرووسی ئه‌گه‌ر دانوستانه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران به هیچ ده‌ره‌نجامێك نه‌گه‌ن، ئه‌وا ئه‌مه‌ریكا هێرش ده‌كاته سه‌ر ئێران و پێشتریش ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌یان ئاراسته‌ی ئێران كردووه.
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ریه‌ك له به‌ریتانیا و فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا كه له‌و وڵاتانه‌ن رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی ساڵی 2015یان واژوو كردووه، خه‌ریكن له‌وه ده‌كۆڵنه‌وه رێكاری ''په‌لاپیتكه'' چالاك بكه‌ن یان رێكارێك كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، دووباره ده‌ست به سه‌پاندنی سزای توند به‌سه‌ر ئێران‌دا بكاته‌وه.
رێكاره‌كه هه‌ر له رێككه‌وتنه‌كه‌دا جێگیر كرابوو و مۆڵه‌تی رێككه‌وتنه‌كه‌ش له مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ ته‌واو ده‌بێت، چونكه بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ دانرابوو.
ئه‌نجوومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه، بڕیاره به‌مزووانه كۆ ببێته‌وه و له دژی ئێران بڕیارنامه‌یه‌ك ده‌ربكات، ئێران له به‌ره‌به‌ری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه هۆشداریی به به‌ریتانیا و فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا داوه و هه‌نگاوه‌كه‌ی به هه‌ڵه‌ی ستراتیجی ناو بردووه.
به‌گوێره‌ی بی بی سی، عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، هه‌ڵوێستی وه‌رگرتووه و پێی وایه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه، دوژمنكارانه‌یه و ئێران له رابردوودا هاوكاریی ئاژانسه‌كه‌ی كردووه.
جێی باسه پێنج گه‌ڕی دانوستان له نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكادا به‌ڕێوه چووه و گه‌ڕی شه‌شه‌م زۆر چاره‌نووسساز ده‌بێت، له كاتێكدایه كه خامنه‌یی له چه‌ند رۆژی رابردوودا ره‌تی كرده‌وه واز له پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت.
هاوكات ئه‌وه‌ش بڵاو كراوه‌ته‌وه، دۆناڵد تره‌مپ به‌وه رازی بووه كه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی به رێژه‌یه‌كی كه‌م مافی پیتاندن به ئێران بدات، له به‌رانبه‌ردا ئێرانیش به‌وه رازی بێت كۆنسێرسیۆم یان گرووپێكی هاوبه‌ش به به‌شداریی ئه‌مه‌ریكا و سعوودیه و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئێران له خاكی ئێران بۆ مه‌به‌ستی پیتاندنی یۆرانیۆم دابمه‌زرێنرێت.