عێراق... نرخی یەک کارتی دەنگدان نیو ملیۆن دینارى تێپەڕاند

:: PM:08:13:07/06/2025 ‌

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسی هۆشداریی توند دەدەن لە دیاردەی بەکارهێنانی پارەى گەندەڵی بۆ کڕینی دەنگ و کارتەکانی دەنگدان، کە بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پاکی و بێگەردیی پرۆسەکە دادەنرێت.

مستەفا تائی، پسپۆڕی کاروباری ستراتیجی ڕای گەیاندووە، نرخی یەک کارتی دەنگدان لە بازاڕی ڕەشدا گەیشتووەتە زیاتر لە 500 هەزار دینار، کە بەرزترین نرخە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو. بە گوتەی ئەو، ئەم پارەیە کە سەرچاوەکەی گەندەڵی و دزییە، دەبێتە هۆی گۆڕینی ئیرادەی دەنگدەران و پێشوەختە یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکان بۆ بەرژەوەندیی لایەنە دەسەڵاتدارەکان.

لەلایەکی تر، چەندان پەرلەمانتار و توێژەر داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و دەستەی دەسپاکی دەکەن، کە چاودێریی وردی خەرجیی حزبەکان بکەن بۆ ڕێگریکردن لەم دیاردەیە.

بەتایبەتیش ئاماژە بە پارێزگای ئەنبار کراوە، کە تێیدا لایەنێکی سیاسیی دەستڕۆیشتوو هەڵمەتێکی فرەوانی بۆ کڕینی کارتەکان دەست پێ کردووە. ئامانج لەم کارە تەنیا کڕینی دەنگ نییە، بەڵکو ڕێگریکردنە لەوەی هاووڵاتییان دەنگ بە ڕکابەرەکانیان بدەن، ئەمەش بە ئیرادەى دەنگدەر و پووچەڵکردنەوەی دەنگە نەخوازراوەکان ناونراوە.

ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە کە عێراق خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتوو لە کۆتایی ئەمساڵ ئامادە دەکات، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن، جموجۆڵی لایەنە سیاسییەکان و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان چڕتر بووەتەوە. هاوکات لەگەڵ بانگەشەی فەرمی و نافەرمیدا، دیاردە نایاساییەکان، بەتایبەت بەکارهێنانی پارەی گەندەڵی بۆ کڕینی دەنگ، بووەتە نیگەرانییەکی سەرەکی.


وشە - رزگار خدر