سەعد عاتف عەولەقی، ڕێبەری لقی ڕێکخراوی قاعیدە لە یەمەن، لە یەکەم دەرکەوتنی ڤیدیۆییدا لە دوای وەرگرتنی سەرکردایەتیی ڕێکخراوەکە، داوای کرد "سەرکردەکانی ناوچەکە" تیرۆر بکرێن وەک تۆڵەیەک بۆ جەنگی غەزە.
لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا کە ماوەکەی نیو سەعات بوو و لەلایەن لایەنگرانی ڕێکخراوەکەوە بڵاو کرایەوە، عەولەقی هانی "گورگە تەنیاکان" (Lone Wolves) دەدات بۆ جێبەجێ کردنی ئەم کردانە.
جگە لە هەڕەشەکردن لە سەرکردەکانی ناوچەکە، ناوبراو هەڕەشەی لە چەند کەسایەتییەکی دیاری ئەمەریکیش کرد، لەوانە دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک، هەروەها چەند سیاسەتمەدارێکی وەک جەی دی ڤانس، مارکۆ ڕوبیۆ و پیت هیگسیس. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا وێنەی ئەم کەسانە و لۆگۆی کۆمپانیاکانی ئیلۆن مەسک "کۆمپانیای تێسلا" دەردەکەون.
عەولەقی لە گوتەکانیدا دەڵێت، دوای ئەوەی بەسەر گەلەکەماندا هات لە غەزە، چیتر هیچ هێڵێکی سوور بوونی نییە و ئێستە مامەڵەکردنی "بە هەمان شێوە" ڕێگە پێ دراوە.