ئەمەریكا: ژمارەی ئەو چەكدارانەی داعش كە لە عێراق و سووریا چالاكن زیاترن لە دوو هەزار كەس

:: AM:09:00:11/06/2025 ‌
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا ڕای گەیاند، ژمارەی ئەو چەكدارانەی داعش كە هێشتا لە عێراق و سووریا چالاكن، زیاترن لە دوو هەزار كەس، "ژمارەی گیراوانی داعشیش زیاترن لە  هەشت هەزار كەس".

مایكڵ كوریلا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، "هەڕەشەی داعش بە تەواوی كۆتایی نەهاتووە، سەرەڕای ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر چەكدارانی ڕێكخراوەكە، بەو پێیەی هێشتا شانە چالاكەكان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق و سووریا ماون.

گوتیشی: ئێستە زیاتر لە هەشت هەزار چەكداری داعش لە گرتووخانەكاندا ڕاگیراون كە لەلایەن هاوبەشە كوردەكانمانەوە لە سووریا بەڕێوە دەبرێن، هەروەها دامەزراوەكان توانایان سنووردارە و ڕووبەڕووی ئاستەنگی تەناهی دەبنەوە.

عێراق وێڕای ئەوەی سنوورەكانی لەگەڵ سووریا داخستووە و هێزێكی زۆری كۆ كردووەتەوە، بەڵام هێشتا جووڵەی داعش بەردەوامە، لە سووریاش تا ئێستە بەهۆی تێكەڵییان لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی نزیكی حكوومەت، داعش بەردەوامە لە پەلاماردانی هێزەكانی هەسەدە.

دوێنێ هەسەدە رای گەیاند، دوو لە شەڕڤانانی بەهۆی پەلاماری داعشەوە شەهید بوون.



وشە - سۆران عەزیز