رۆیتەرز: باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەسازی بۆ چۆڵكردنی بارەگەكەی دەكات

:: PM:08:53:11/06/2025 ‌

 

دۆخی تەناهیی عێراق باش نییە و وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە كە بەهۆی پەرەسەندنی مەترسییە تەناهییەكانەوە، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەسازیی چۆڵكردن دەكات. 

ئاژانسەكە رای گەیاند كە بەرپرسێكی تەناهیی عێراقی و سەرچاوەیەكی ئەمەریكی ئاماژەیان كردووە كە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەسازی بۆ چۆڵكردن دەكات، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی مەترسییە تەناهییەكان، بەڵام سەرچاوەكان جۆری ئەو مەترسیانەیان روون نەكردەوە.

ئەمە و تا ئەو ساتە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق هیچ لێدوانێكی بەپەلەی لەوبارەوە نەداوە و لایەنی عێراقیش هیچ بەیاننامەیەكی لەوبارەوە نییە.

ئەمڕۆ عەزیز نەسیرزادە وەزیری بەرگریی ئێران رای گەیاند، ئەگەر گفتوگۆ ئەتۆمییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا شكستیان هێنا و شەڕ هەڵگیرسا، ئێران بنكە سەربازییە ئەمەریكییەكان لە ناوچەكە دەكاتە ئامانج و هەڕەشەكانی دوایی دوژمنان بێ وەڵامدانەوە نابێت.

دووپاتی كردەوە، هەندێكجار باسی ئەوە دەكرێت ئەگەر گفتوگۆكان ئەنجامیان نەبێت، دۆخەكە بەرەو شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەچێت، بۆیە بە ناوی گەلی ئێرانەوە دەڵێم، ئەگەر شەڕمان بەسەردا سەپێنرا، بە توندی ئامانجەكانمان دەپێكین و دوژمن زیانی گەورەی بەر دەكەوێت، پێویستە ئەمەریكا ئەوە بزانێت كە دەبێت ناوچەكە جێبێڵێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل