حەشدی شەعبی لە عێراق، وەک میلیشیایەکی چەکداری لە ئێستەوە دەستیان بە کڕینی دەنگ کردووە، پیلانەکەیان لە مووسڵەوە جێبەجێ دەکەن و دەیان ملیار دیناری داهاتی عێراق بە دەنگ دەدەن.
"وشە" زانیویەتی، ئەو گرووپە چەکدارە ئەو کارە وەک ئۆپەراسیۆن دەزانن، لە مووسڵ هەڕەشە لە سەرۆک هۆزەکان دەکەن دەنگ بکڕن، جیا لەوەی خۆشیان دەیان ملیار دیناریان بۆ کڕینی دەنگ دزیوە.
بەشێک لە شێخ و کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەتەکانی سنوورەکە، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کاندیدانی حەشد کە هاوسۆزییان بۆیان هەیە، بە مەبەستی سەرخستنییان لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراق، پارە وەردەگرن بەناوی ئێوارەخوان خەڵک بانگ دەکەن.
عێراق خۆی بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاری دەناڵێنێ، کەچی داهاتەکەی بەمشێوەیە، حەشد دەیدزێ و دەنگی پێ دەکڕن.
حەشد کارتێکی دەنگدان بە 350 تا 500 هەزار دەکڕن، ئەو کارتانەی کڕیویانە لە 20 هەزار کارت نزیک دەبێتەوە.
بەڵام ئەوان نەک تەنیا بۆ پیلانەکەیان کارئاسانییان بۆ کراوە، بەڵکو ئیدارەی شارەکە هاوکاریی سەرەکییان دەکات و سەرجەم لیوا و ئەفسەرانی خۆشیان ئاگەدار کردووەتەوە.
ئامانج لەم پیلانەی حەشد ئەوەیە، لە هەڵبژاردنەکان ببن بە یەکەمی مووسڵ و چیتر کورد و سوننە لەو ناوچەیە یەکەم نەبن.