عێراق: لە نزیكەوە چاودێریی دۆخەكە دەكەین

:: PM:11:38:11/06/2025 ‌

ئەمشەو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بڕیاری كەمكردنەوەی ژمارەی كارمەندی باڵوێزخانەكانی لە عێراق و كوێت و بەحرێن دا، تەنانەت هەندێك لە سەرچاوەكان باسی داخستنی باڵوێزخانەی ئەمەریكایان لە عێراق كرد، ئەوەش بە هۆكاری تەناهییەوە، عێراق رەتی كردەوە هیچ شتێكی نائاسایی هەبێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش هۆكارەكەی بۆ هەڵسەنگاندنی تەناهی گەڕاندەوە.

سەرچاوەیەك لە راوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاشكرای كرد كە چۆڵكردنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كارمەندانی دیپلۆماسی و تەناهی ناگرێتەوە، بگرە ئەو كارمەندانە دەگرێتەوە كە لەو كۆمپانیایانە كار دەكەن كە لەگەڵ نێردەی ئەمەریكا لە عێراق گرێبەستیان هەیە.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، ئەو رێوشوێنانەی ئەمشەو پێوەندییان بە بوونی هەڕەشەی راستەوخۆی تەناهی لە بەغدا نییە و بوونی فەرمیی سیاسی و تەناهیی ئەمەریكا لە عێراق وەك خۆیەتی و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، بەرپرسانی عێراق لە نزیكەوە چاودێریی دۆخەكە دەكەن و وای نابینن كە ئێستە مایەی نیگەرانی بێت و هاوئاهەنگیی تەناهی لەگەڵ ئەمەریكا بەردەوامە، سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە چەند رۆژێكە لە دوای كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانی لە سووریا، ئەمەریكا ژمارەی هێزەكانی لە هەولێر زیاد كردووە.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، پرۆسەیەكی لابردنی ژمارەیەك لەو كارمەندانەی لە چوارچێوەی كۆمپانیاكان لەگەڵ باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا كار دەكەن، بەڕێوە دەچێت، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش رەتی دەكاتەوە بە فەرمی هیچ ئاگەداركردنەوەیەكی لەوبارەوە لە لایەن ئەمەریكاوە پێ گەیشتبێت، واتە چۆڵكردن یان رێوشوێنێكی نائاسایی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل