پنتاگۆن لە ئامادەكاریدایە و چاودێریی ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

:: AM:08:42:12/06/2025 ‌
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "پنتاگۆن" رای گەیاند، بەهۆی ئاڵۆزییەكانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست، لە چاودێریداین و رێگەمان داوە خێزانی سەربازەكانمان لە ناوچەكانی چوارچێوەی چالاكیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمكەریكا "سێنتكۆم" ناوچەكە جێبێڵن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، بەرپرسێك لە پنتاگۆن تایبەت بۆ پێگەكە رای گەیاندووە، سەلامەتیی خێزانی سەربازەكانیان و هێزە سەربازییەكانیان، لە یەكەمی بەرنامەكانیاندایە، بۆیە بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، رێگەیان داوە ناوچەكە جێبێڵن، هاوكات بە چڕی چاودێریی ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن، ئەوەیش عێراق و چەند وڵاتێكی تری سنووری چالاكییەكانی "سێنتكۆم" دەگرێتەوە.

بەرپرسە ئەمەریكییەكە ئەوەشی گوت كە بیت هێگسیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا، رەزامەندیی داوە كە جێهێشتنی خێزانی سەربازەكانیان لە ناوچەكە بە ویستی خۆیان بێت. بۆ ئەوەیش سێنتكۆم بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمان و هاوبەشەكانیان لە ناوچەكە، لە ئامادەكاریی رژددان بۆ جێبەجێكردنی هەر ئەركێك لە ناو ناوچەكە و تەواوی دنیا.

ئەوە لە كاتێكدایە گوتەبێژ بەناوی باڵوێزخانەی ئەمەریكا بەغدای پایتەختی عێراق رای گەیاند، سەرۆك ترەمپ رژدە لە پارێزگاری ئەمەریكییەكان لە ناوەوە یان دەرەوە، بۆیە هەڵسەنگاندن بۆ كارمەندەكانمان لە تەواوی باڵوێزخانەكانی ناوچەكە دەكەین و بەپێی هەڵسەنگاندنەكان، بڕیارمان دا نێردە دیپلۆماییەكانمان لە عێراق كەم بكەینەوە.

حكوومەتی عێراقی بۆ دڵنیایی رای گشتی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەرپرسێكی ئەو وڵاتە ئێوارەی دوێنێ بۆ پێگەكە رای گەیاند، ئەو رێوشوێنانەی ئەمەریكا تەنیا عێراق ناگرێتەوە، بەڵكو چەند وڵاتی تریش لە ناوچەكە دەگرێتەوە وەك بەحرێن و كوێت، بۆیە تا ئێستە ئاماژەیەكی تەناهی لە عێراق دەرنەكەتووە بۆ چۆڵكردنی باڵوێزخانەكەی ئەمەریكا لە بەغدا.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د