دوو بەرپرسی گەورەی ئێران كوژران

:: AM:10:36:14/06/2025 ‌
دوو بەرپرسی گەورەی سەربازیی ئێران كوژران، بەپێی هەواڵەكان كوژرانی ئەو دوو بەرپرسە، لە ئەنجامی هێرشێكی ئەم بەرەبەیانییەی ئیسرائیل بووە.

ئەمڕۆ شەموو 14ـی حوزەیران، میدیاكان بڵاویان كردەوە، غوڵام ڕەزا میحرابی جێگری بەڕێوەبەری ئیتڵاعات و مەهدی ڕەبانی جێگری بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەكانی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی، لە هێرشەكاندا كوژران.

لە بەرەبەیانی 13ـی حوزەیران، شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ‌ كردووە و تا ئێستە بەردەوامیی هەیە، هەرچەندە وڵاتانی ناوچەكە داوای راگرتنی شەڕیان كردووە، بەڵام شەڕ بەردەوامی هەیە.

پێویستە بگوترێ لە ئاكامی ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئیسرائیل كردیە سەر ئێران و بەپێی دواین زانیارییەكانی میدیا فەرمییەكانی ئێران، 78 كەس كوژراون كە ژمارەیەكیان لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران بوون و ژمارەیەكی تریان لە زانا ئەتۆمییەكان بوون و سەرووی 300 كەسیش بریندار بوون.

ئیسرائیلیش دەستی بە گەڕێكی تری هێرشكردنە سەر ناوەندە سەربازی و وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران كردووە، شەوی رابردوو لە ئاسمانی تاران و ژمارەیەك پارێزگای تری ئێران، دەنگی فڕۆكە و هێرشی مووشەكی بیستراوە، بەڵام تا ئێستە دەرەنجامی زیانەكانی ئەمڕۆی ئێران ئاشكرا نەكراون.




وشە - رامیار جەواد