ئێران رەخنە لە بێلایەنیی عێراق لە هێرشەكانی دوایی دەگرێت

:: PM:11:15:14/06/2025 ‌

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، كە ئاسمانی عێراق بەكار هات و نەیتوانی هیچ كاریگەری و كاردانەوەیەكی هەبێت، ئێران رەخنە لە عێراق و ئەو وڵاتانەش دەگرێت كە بێلایەنیان هەڵبژارد.

ئەمشەو مەجید تەختی رەوانچی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە عێراق بەرپرسیارە لە بەكارهێنانی ئاسمانەكەی لە لایەن ئیسرائیلەوە، دووپاتی كردەوە كە تاران پلانێك دادەنێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو ئەوانەی "بێلایەنی"یان هەڵبژاردووە.

رەوانچی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، عێراق كۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر خاكەكەیدا نییە، بەڵام لە هەر هەڕەشەیەك بەرپرسە، بۆیە پلانێك دادەنێین بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەوانەی بە بێلایەنی وەستاون.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران روونی كردەوە، بەرپرسانی عێراقمان ئاگەدار كردووەتەوە كە پێویستە سكاڵا پێشكەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكەن، پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش دەستدرێژییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بوەستێنێت.

شایەنی باسە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو عێراق داوای لە ئەمەریكا كرد كە رێگری لە ئیسرائیل بكات لە بەكارهێنانی ئاسمانەكەی بۆ لێدانی ئێران، هاوكات داواشی لە ئێران كرد كە خۆی و گرووپە چەكدارەكانی لە عێراق هێرش نەكەنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا.



وشە - پۆڵا مەحموود