میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە مووشەکی ئێرانی لە ناوچەکانی حەیفا و جەلیلی ڕۆژئاوا لە باکووری ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لانی کەم کەسێک کوژراوە و حەوت کەسی تر بریندار بوون و باری تەندروستیی هەندێکیان ناجێگیرە. هەروەها ئاگر لە چەند دامەزراوەیەکی ستراتیجی لە نزیک حەیفا کەوتووەتەوە.
لە پێشهاتێکی نوێدا و هاوکات لەگەڵ هێرشەکاندا، ڕۆنین بار سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل "شاباک"، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند.
ئێران: بەرگریی ئیسرائیل شکستی هێنا
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند کە هێرشەکە زیاتر لە 100 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەخۆگرتووە کە ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیلیان پێکاوە. ئاژانسی "تەسنیم"یش بانگەشەی ئەوەی كردووە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ڕووبەڕووبوونەوەی مووشەکەکاندا شکستی هێناوە، بووەتە هۆی زیانی گیانی و مادی.
ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا فراوان دەبێت
داخستنی ئاسمان: ئاژانسی "سانا"ی سووری ڕای گەیاند کە ئاسمانی سووریا بە شێوەیەکی کاتی بە ڕووی فڕۆکەوانیدا داخراوە. ئوردنیش بڕیاری بەردەوامبوونی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی داوە.
ئۆپڕاسیۆن لە یەمەن: کەناڵی "13"ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێكی لە یەمەن ئەنجامداوە. هاوکات، سەرچاوە یەمەنییەکان باسیان لە هەوڵێکی كوشتنی "شکستخواردوو" کردووە کە عەبدولمەلیک حوسی ڕێبەری حوسییەکانی کردووەتە ئامانج.
گرتن لە ئێران: دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند کە لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە تەناهییە توندەکاندا، 80 "سیخوڕی مۆساد"یان لە تاران و چەند پارێزگایەکی تردا گرتووە.