ژمارەی كوژراوانی زانا ئەتۆمییەكانی ئێران گەیشتە 14 زانا

:: PM:05:49:15/06/2025 ‌
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی كردەوە، لەگەڵ دەست پێ كردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، تا ئێستە 14 زانای ئەتۆمیی ئێرانی كوژراون.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسەكە، لە بەرەبەیانیی رۆژی هەینی و دەستپێكی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ چەندان ناوچەی ئێران، 14 زانای ئەتۆمی كوژراون، كە بەشێك لە زاناكانی ئەتۆمیی ئێران بەهۆی بۆردمانەكان و بەشێكی تر بەئامانج گرتنەكانیان بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێل بووە.

دوا پێشهاتەكانیش ئەوەیە، وەك پێشتر هەڕەشەی كردبوو؛ ئیسرائیل دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەم، زۆر بە خەستی تارانی كردووتە ئامانج و لە دەیان ناوەند و باڵەخانە و شوێنی سەربازیی داوە و دووكەڵ لە ئاسمانی تاران لە دەیان شوێن بەرز دەبێتەوە.

دەگوترێ كەم گەڕەكی تاران هەیە ئاگر و دووكەڵی لێ بەرز نەبێتەوە، ئیسرائیل ژمارەیەكی زۆر لە ناوەندە حكوومییەكانی كردووەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی.

باڵەخانەی وەزارەتی ئیتڵاعات لە نزیك گەڕەكی خاجێ عەبدوڵا، دەوروبەری وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە گۆڕەپانی فاتمی، باڵەخانەی فەرماندەیی پۆلیسی تاران لە شەقامی پۆلیس، ناوەندی چاككردنەوەی فڕۆكە لە نزیك گەڕەكی ئێكبەتان و باڵەخانەی وەزارەتی نەوت بەشێكن لەو شوێنانەی كراونەتە ئامانج.

هەر لە تاران، ناوەندی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی ئێران لە ناوچەی 13ی رۆژهەڵاتی تاران، ناوەندی سەرەكیی هێزی دەریاوانی و پشت  هۆتێل سپیناس لە فولكەی كەشاوەرز كراونەتە ئامانج، ژمارەیەك تەقینەوەش لە دەوروبەری نیاوەران، گەڕەكی هاشمی، پیروزی، گۆڕەپانی نارمەك، گەڕەكی سەهروەردی، دەوروبەری گۆڕەپانی وەلیعەسر، فڕۆكەخانەی خومەینی و مێهرئاباد، بەهارستان، گەڕەكی جومهوری و نزیك گەڕەكی بوستانی ویلایەت لە باشووری تاران روویان داوە.

لە‌ بەرەبەیانیی هەینی، 13ی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل دەستی بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران كرد، لە رۆژی یەكەمی ئەو جەنگەدا زیانێكی زۆری گیانی و مادی بە ئێران گەیاند، ئێوارەی هەمان رۆژ ئێران وەڵامی هێرشەكەی دایەوە و هەرچەندە زۆربەی مووشەكەكانی ئێران لە ئاسمان تەقێنرانەوە، بەڵام ژمارەیەك مووشەك كەوتنە خوارەوە و بەر شوێنی نیشتەجێبوون كەوتن.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم