رەیان كلدانی جێی پێ‌ جێ‌ نییە.. هەڵات

:: PM:07:39:15/06/2025 ‌
رەیان كلدانی، سەردەستەی تاقمێكی میلیشیاییە لە عێراق، لەدوای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڵاتووە و خۆی شاردووەتەوە، لەو كاتەیشەوە جێی پێ جێ نییە و نازانێ‌ خۆی لە كوێ بشارێتەوە. 

رەیان كلدانی، یەكێكە لە فەرماندە میلیشیاییەكانی کە زۆر ناوی دێت، ئەو لە رێگەی میلیشیاكەیەوە، واتە لیواكەی لە ناو حەشدی شەعبی و بزاوی بابلیون كە سەركردایەتیی دەكات، هەوڵی كۆنترۆڵكردنی نوێنەرایەتی و ناوچەكانی كریستیان لە دەشتی نەینەوا دەدا، بەڵام تۆمەتبارە بە چەندان تاوانی دژەمرۆڤایەتی و لە لیستی تیرۆر دایە.

لەوكاتەوەی حەیدەر ساعیدی، رۆژنامەوانی عێراقی، باسی تۆمارێكی ڤیدیۆیی رەیان كلدانی كرد كە بۆ سەردەمی رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رێكخراوی داعش دەگەڕێتەوە، تیایدا كلدانی لە شارۆكەیەكی سەر بە پارێزگەی نەینەوا گوێی كەسێك دەبڕێت، ئەو بێزراوە لەناو گەلی عێراقدا. 

پێشتر كلدانی زۆر تەراتێنی سلێمانی و سنوورەكەی دەكرد، تەنانەت هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەبووە، بەڵام دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل هەڵاتووە و خۆی شاردووەتەوە.

ئەو دەستی لە تێكدانی كوردستان و ئەو خۆپێشاندانانە هەبوو، كە لە ماوەی رابردوو لە ڕێی گرووپێكی ئاراستەكراوەوە لە سلێمانی دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكران. 

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" كلدانی ماوەی چەند رۆژێكە بێ‌ سۆراغە، تەنانەت نزیكەكانی خۆیشی ئاگەداری نین كە لە ترسی مووشەك خۆی لە كوێ‌ شاردووەتەوە. 

دەگوترێت ئەو لە عێراقدا چەند شوێنێكی تایبەت بەخۆی هەیە، بۆیە پێدەچێ‌ جێی پێ جێ‌ نەبێت و نەزانێت خۆی لە كوێ‌ بشارێتەوە.


وشە - وشه‌