عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەم، 15ی حوزەیرانی 2025 رای گەیاند، ئێران ئامادەیە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆی دیپلۆماسی، بەڵام بە مەرجی وەستانی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل.
عێراقچی لە لێدوانێکدا کە
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە دەڵێ، بەرگری لەخۆ كردن مافێکی ڕەوایە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی. گوتیشی، "ئێمە دەوەستین کاتێک دەستدرێژی بۆ سەرمان دەوەستێت".
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا و گوتى، فراوانکردنی پێکدادانەکان بۆ ئەوەی کەنداو بگرێتەوە، هەڵەیەکی ستراتیجیی مەترسیدارە. دووپاتیشی كردەوە، تاران هەوڵی پەرەپێدانی ململانێیەکان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی نادات، مەگەر ناچار بکرێت.
هەروەها، عێراقچی هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانی وەک کێڵگەی گازی باشووری بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرا" وەسف کرد و گوتی، وڵاتەکەی بەڵگەی حاشاهەڵنەگری هەیە لەسەر تێوەگلانی وڵاتانی گەورەی وەک ئەمەریکا لە پشتیوانیکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنانە.
عێراقچی هۆشداریی دا لەوەی، هەر پەرەسەندنێک لە دەرەوەی سنوورەکان بە "هێڵی سوور" دادەنرێت. زیاتر گوتى، وەڵامدانەوە بەردەوام دەبێت تاوەکو دەستدرێژی بەردەوام بێت.