خانەی دادی سنە: هەر كەسێك لەبارەی شەڕەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دڵخۆشی دەرببڕێت دەیگرین

:: AM:08:48:16/06/2025 ‌
 خانەی دادی پارێزگای سنە رای گەیاندووە، هەرجۆرە دڵخۆشی دەربڕینێك لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران لە ئاستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بە تاوان پێناسە دەكرێت و بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەكرێت.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە بایەخ بە پرسی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەدات، بڵاوی كردەوە، بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە سنەوە دەستیان كەوتووە، خانەی دادی پارێزگای سنە بە ناردنی كورتەنامەیەك بۆ خەڵك ئەوەی گوتووە، هەر كەسێك دڵخۆشی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەبارەی شەڕی ئێران  ئیسرائیل دەرببڕێت دەیگرین.

خانەكە ئەو كارەی ناو ناوە تێكدانی تەناهی و بەمەش داوا لە خەڵك دەكات دڵخۆش نەبن بەشەڕ، چونكە سزای یاساییتان دەدەین.

وەك سەرچاوەكە باسی دەكات، لە كورتەنامەكەدا پێداگریی لەسەر ئەوە كراوەتەوە، سازكردنی هەر كارێك مەیلی دڵخۆشیی هەبێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەبێتە هۆی "تێكدانی تەناهیی گشتی"، بۆیە بە تاوان دەناسرێت و بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەكرێت، هەر بەو هۆیەوە پێویستە لە زووترین كاتدا بسڕێتەوە.

هەر لەبارەی ئەو بابەتە میدیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران رایان گەیاندووە، پێنج هاووڵاتیی دانیشتووی یەزد، بەهۆی "تێكدانی بیروڕای گشتی و هەوڵی وێنەهەڵگرتن  لەو شوێنانەی بۆ داودەزگاكان كراوە" گیراون.
 



وشە - سۆران عەزیز