ئاماری كوژراوان و بریندارانی سێ رۆژی جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و ئێران راگه‌یه‌نرا، له ئێران 224 كه‌س و له ئیسرائیلیش 19 كه‌س به‌هۆی هێرشه ئاسمانییه‌كان كوژراون.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كرده‌وه، له ئاكامی هێرشه‌كانی ئێران، 19 هاووڵاتیی ئیسرائیلی كوژراون و ده‌یان كه‌سی تر بریندار بوون.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵ 12ی ئیسرائیل، له رۆژانی رابردوودا ئێران، 11 جار هێرشی كردووه‌ته سه‌ر ئیسرائیل و به گشتی 370 مووشه‌ك له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه ئاراسته‌ی ئه‌و وڵاته كراون.
هه‌ر له‌و جه‌نگه‌دا ئێران 100 درۆنیشی به‌كار هێناوه و زۆربه‌ی ئه‌و درۆن و مووشه‌كانه له ئاسمانی ئیسرائیل ته‌قێنراونه‌ته‌وه، به‌شێكیان هه‌رگیز به ئیسرائیل نه‌گه‌یشتوون و ژماره‌یه‌ك مووشه‌كیش چه‌ند شوێنێكی جیاوازی ئیسرائیلیان كردووه‌ته ئامانج و زیانی مادی و گیانییان لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
پێویسته بگوترێ دواین گه‌ڕی هێرشی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل شه‌وی رابردوو بوو كه دیسان ژماره‌یه‌ك مووشه‌كی ئێرانی، ئامانجه‌كانیان پێكا و به‌هۆیه‌وه كوژرانی پێنج هاووڵاتیی ئیسرائیلی و برینداربوونی 92 كه‌سی تر راگه‌یه‌نراوه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئێران، ژماره‌ی بریندارانی به هه‌زار و 257 كه‌س و ژماره‌ی كوژراوانی به 224 كه‌س راگه‌یاندووه.
هاوكات ماڵپه‌ڕی مافی مرۆڤی هه‌رانا بڵاوی كرده‌وه، له ئێران تا شه‌وی رابردوو ژماره‌ی كوژراوان به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل، گه‌یشتووه‌ته 322 كه‌س و 684 كه‌سی تر بریندار بوون.
پێویسته بگوترێ ئه‌وانه‌ی له ئێران كوژراون، ژماره‌یه‌كیان له فه‌رمانده باڵاكانی سوپای پاسداران، پۆلیس و هه‌واڵگریی سوپا بوون و لانی كه‌م 15 زانای ئه‌تۆمیش گیانیان له ده‌ست داوه.
له به‌ره‌به‌یانیی هه‌ینی 13ی حوزه‌یران، ئیسرائیل ده‌ستی به هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر ئێران كرد و ئێواره‌كه‌ی ئێران وه‌ڵامی هێرشه‌كانی ئیسرائیلی دایه‌وه. ئه‌مڕۆ دووشه‌م چواره‌م رۆژی جه‌نگه و باس له به‌رده‌وامیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران ده‌كرێت.