هێزەكانی ئەمەریكا لە پارێزگای حەسەكە لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا، ژمارەیەك مووشەكی ئێرانیان خستە خوارەوە، سەرچاوەیەكی سەربازی هەسەدەش دەڵێت: ئەو مووشەكانە بۆ هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە هاوێژراون.
راگەیاندنی سەربازیی هەسەدە بڵاوی كردەوە، هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، شەوی رابردوو مووشەكێكی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە بەر لەوەی بنكەی "خەراب ئەلجیر" لە شاری رمێلان لە گوندەواری حەسەكە، بكاتە ئامانج.
ئاماژە بەوەش دراوە، لە بنكەی شەدادی لە باشووری حەسەكە، هێزەكانی ئەمەریكا كەوتوونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە، دوای ئەوەی سێ مووشەكی ئێرانی لە نزیك بنكەكە خرانە خوارەوە.
هاوكات مووشەكێك لە نزیك فولكەی مەرشۆ لە ناوەڕاستی شاری حەسەكە، پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەكەی، رێگریی لێ كراوە و لە گەڕەكی غوەیران كەوتووەتە خوارەوە.
سەرچاوەیەكی سەربازیی فەرمی لە هێزەكانی سووریای دیموكرات دووپاتی كردووەتەوە، ئەو بنكانە پێش ئەوەی رووبەڕووی مووشەكی ئێران ببنەوە، فەرمانیان داوە بە چالاككردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و سیستمی رادار، وەك ئامادەكارییەك بۆ هێرشی مووشەكیی.
سەرچاوەكە راشی گەیاندووە: ئەو مووشەكانەی لە نزیك بنكەكانی هاوپەیمانان كەوتوونەتە خوارەوە، لە گوندەكانی خراب ئەلجیر و رمێلان و شەدادی، بە نیازی كردنە ئامانجی هێزەكانی ئەمەریكا، كە لە باكور و رۆژهەڵاتی سووریا جێگیرن هەڵدرابوون. ئەوە لە كاتێكدا هەسەدە دەڵێت: رێڕەوی ئاسمانیی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دوورە لە ئاسمانی ئەو ناوچەیەی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بۆردمان كراوە.