سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا: لەگەڵ ئیسرائیل رێككەوتین نابێ ئێران چەكی ئەتۆمی هەبێت

:: PM:12:24:16/06/2025 ‌
سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا لە كۆبوونەوەی گرووپی حەوت رای گەیاند، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن گفتوگۆی كردووە و دەڵێت: "ئێران هۆكاری ناسەقامگیریی ناوچەكەیە و ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە ئاسایش و بەرژەوەندییەكانی بكات".

ئەمرۆ دووشەم 16ـی حوزەیران، ئورسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا، لە كۆبوونەوەی G7 رای گەیاند، "لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، گفتوگۆمان كرد و رێككەوتین كە ئێران نابێ بە هیچ شێوەیەك ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆم".

سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە راگرتنی شەڕی ئێسرائیل و ئێران بدات، گوتی "لە ئەنجامدا دیپلۆماسی باشترین رێگەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران".

پێشتر ئورسولا ڤۆن دێر لاین رەخنەی توندی لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە غەزە دەگرت، بەڵام لەبارەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەڵێت؛ "هاوكاری نەكردنی ئێران لەگەڵ رێكخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئەو واتایە دەگەیەنێت كە ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگریی لە خۆی بكات".

سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا كە بۆ بەشداریی لە كۆبوونەوەی گرووپی حەوت لە كەنەدایە، بە میدیاكانی راگەیاند، "لەو كۆبوونەوەیەدا شەڕی ئێران و ئیسرائیل و دەستدرێژییەكانی رووسیا بۆ سەر ئۆكراین گەنگەشە دەكرێت".

ئورسولا ڤۆن دێر لاین دووپاتی كردەوە، "ئەو درۆن و مووشەكانەی لەلایەن ئێرانەوە دروست كراون، بەشێوەیەكی كوێرانە دەهاویشترێنە ناو شارەكانی ئیسرائیل و ئۆكراینا، بۆیە دەبێت بە هاوبەشی لە كۆبوونەوەكەدا بیرێك لەو هەڕەشانە بكەینەوە".

سەرکردەکانی گرووپی حەوت لە کەنەدا کۆدەبنەوە و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان، هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆسەر یەکدی دەبێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکات.

بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، کە لەلایەن مارک کارنی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بڵاوکراوەتەوە، وڵاتانی بەریتانیا، کەنەدا، فڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و ئەمەریکا بەشدارن.

جگە لە بەشداربووە سەرەکییەکان، چەندان سەرکردەی تریش میوانی لوتکەکەن، لەنێویاندا ئورسولا ڤۆن دێرلاین،سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، سەرۆکانی مەکسیک و بەڕازیل و ئیمارات، سەرۆک وەزیرانی هیندستان و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکیسەرۆکی ئۆکرانیا.

چاوەڕواندەکرێت لە پەراوێزی لوتکەکەدا چەندان کۆبوونەوەی گرنگ لەنێوان سەرکردە جیهانییەکاندا ئەنجامبدرێت، لەنێویاندا کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا.



وشە - سۆران عەزیز