قسەوباسێكی زۆر لەبارەی درێژەكێشانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەكرێت و بۆچوونی جیاواز دەخرێنە روو، بەڵام دیپلۆماسییەكی بیانی كە چاودێرێكی رژدی دۆخەكەیە پێی وایە، ئەگەری زۆر هەیە تا چەند هەفتەیەك درێژە بكێشێت.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 16ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، دیپلۆماسییەكی رۆژئاوایی لە برۆكسل قسەی بۆ پەیامنێری "عەرەبیە" و "حەدەس" كردووە و نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی بەوە داوە كە چاوەڕێ دەكرێ بەلای كەمەوە شەڕەكە چەند هەفتەیەك درێژە بكێشێت، ئەوەیش دیار نییە ئەنجامەكەی چۆن دەبێت و دامەزراوە ئەتۆمییەكەی ئێران چیی بەسەر دێت؟.
ئەو دیپلۆماتە زیاتر روونی كردەوە، كۆگەكانی مووشەكی ئێرانی سنووردارن بەراورد بە تواناكانی ئەو وڵاتە بۆ دروستكردنیان، بۆیە ناتوانێ بۆ ماوەیەكی درێژ پشتیان پێ ببەستێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل، وێڕای ئەوەی ئەگەر ئیسرائیل هێرشەكانی بوەستێنێت بێ ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران وێران بكات، ئەوكات زیانێكی گەورەی سیاسیی بەدواوە دەبێت.
دووپاتی كردەوە، جارێ زووە پێشبینی بكەین كە ئەنجامی ململانێكە لە ناو دەزگەكانی بڕیاربەدەست لە ئێران چۆن دەبێت.
ئەوە لە كاتێكدایە چەندان پەرپرسی ئیسرائیلی لە چەند رۆژ رابردوو، دووپاتیان كردووەتەوە كە وڵاتەكەیان توانیویەتی تەواوی ئامانجەكانی قۆناغی یەكەمی هێرشەكانی بپێكێت، وێڕای ئەوەی تا ئێستەیش چەندان ئامانجی تریش هەن دەیانەوێ هێرش بكەنە سەریان.
دواتریش ئاماژە بە عەباس عێراقچی وەزیری درەوەی ئێران دراوە كە گوتوویەتی، وڵاتەكەی ئامادەیە هێرشەكانی رابگرێت ئەگەر ئیسرائیل هێرشەكانی رابگرێت.
لە بەرەبەیانیی هەینی 13ی حوزەیران، ئیسرائیل دەستی بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران كرد و ئێوارەكەی ئێران وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیلی دایەوە. ئەمڕۆ دووشەم چوارەم رۆژی جەنگە و باس لە بەردەوامیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەكرێت.