شەڕ و بۆردمانی ئاسمانیی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانی هەینی رابردووەوە بەردەوامە، هەریەكەیان ئەوەی توانیبێتی بەوەی تری كردووە، لەوكاتەی بۆردمانە كاریگەرییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجە جیاوازەكانی ئێران بەردەوامە، ئێران هەڕەشەی هێرشێكی فرەوان بۆ سەر تەلەئەبیب دەكات و داوا لە دانیشتووانی شارەكە دەكات چۆڵی بكەن.
ئەمڕۆ دووشەم سوپای پاسدارانی ئێران دانیشتووانی تەلئەبیبی پایەتەختی ئیسرائیلی وریا كردەوە بەوەی بەپەلە شارەكە
چۆڵ بكەن، ئەوە لەوكاتەی ئەحمەد وەحیدی راوێژكاری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ شەڕێكی دوورودرێژ و ئەو هەواڵانەی باسی كۆتاهاتنی ئەمباری مووشەكیی ئێران دەكەن مایەی پێكەنینە و لە چەند رۆژی داهاتوو دنیا دەبینێت كە ئێران چ داهێنانێك دێنێتە گۆڕەپانەكەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژەی كرد كە لە چەند سەعاتی داهاتوو ئێران گورزێك لە چەند پێگەیەكی هەستیاری ئیسرائیل دەوەشێنێت، سوپرایزێكی گەورەش لە كاتی گورزەكە دەبینرێت، لای خۆیەوە عەمید محەمەد پاكپوور فەرماندەی سوپای پاسداران رای گەیاند كە ئەگەر هێرشی ئیسرائیلییەكانیش بوەستێت ئێران تا كۆتایی لە كارەكانی بەردەوام دەبێت.
روونی كردەوە، زیانی ئیسرائیل لەوە گەوەرترە كە دێتە راگەیاندن، چەند ناوچەیەكی گرنگمان لە ئیسرائیل بۆردمان كردووە و لەو كارەش بەردەوام دەبین.