بەشێك لە شارەزا و چاودێران پێیان وایە ئەوەی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی هەینی رابردووەوە بەرانبەر بە ئێرانی دەكات، بەشێكە لە ئامرازی گوشاری ئەمەریكا بۆ سەر تاران بۆ ناچاركردنی بە رازیبوون بەو پێشنیازەی بۆ ئێرانی كردووە لە میانی گفتوگۆ ئەتۆمییەكان، ئێران رازی نەبوو دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرێت، دیپلۆماتكارێكی ئێرانیش دەڵێت، تاران ئامادەیە بەرانبەر بە مانەوەی رژێمەكەی دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرێت.
دیپلۆماتكارێكی باڵای ئێرانی دەڵێت، سەركردە سیاسی و سەربازییەكانی ئێران ئامادەن بۆ دەستبەرداربوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم لەپێناو پاراستنی رژێمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە لە كەوتن، بەڵام ئەوان پێویستیان بە چارەسەرێك هەیە ئابڕوویان نەچێت، وەك ماڵپەڕی
"ئیران وایەر"، بڵاوی كردەوە.
روونی كردەوە، گرنگیی لەپێشینە بۆ عەلی خامنەیی رابەری باڵا و حكوومەتی ئێران مانەوەیانە، هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیل لە دژی سوپا و هێزە تەناهییەكان و ئابووری و ورەی گشتیی ئەو وڵاتە، لە كۆتاییدا حكوومەت لاواز دەكات، ئەو دیپلۆماتكارە كە پێشتر لە ریزی هەواڵگریی ئێران كاری كردووە گوتی، وا بڕوات بێگومان سوپا و سوپای پاسداران كۆنترۆڵی دۆخەكە لەدەست دەدەن، كەسیش نازانێت دوای ئەوە چی روودەدات، ئێمە نامانەوێ هەمان هەڵەی سەدام حوسێن دووبارە بكەینەوە و ئامادەین بۆ گفتوگۆ.
ئەو دووپاتی كردەوە، پێشتر هەرچی روویدابێت ئێستە دۆخێكی نوێ هاتووەتە كایەوە و گرنگیی لەپێشینە رزگاركردنی رژێم و رێگرتنە لە وێرانكردنی وڵاتەكەمان، ئاماژەی كرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا تاكە كەسە بتوانێت چارەسەری دۆخەكە بكات، سەرانی ئێرانیش لەوانە عەلی خامنەیی رابەری باڵا، ئێستە بۆ گفتوگۆیەكی راستەقینە ئامادەن.