شەڕی ئاسمانی و مووشەكی و درۆنی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، لەوكاتەی هەردووكیان هەڕەشەی توند لە یەكتر دەكەن، چاوێكیشیان لەسەر كۆتاهاتنی شەڕەكەیە، بەدوای كۆتاییەك بۆ شەڕەكە دەگەڕێن كە بە شكست وێنا نەكرێت، بەتایبەتی بۆ ئێران، بەرپرسێكی ئیسرائیلی دەڵێت، كۆتایی ئەو شەڕەی ئێستەی تاران و تەلئەبیب دیپلۆماسی دەبێت نەك سەربازی.
ئەو بەرپرسە
ئیسرائیلیە بە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی گوت، كۆتایی ئەو شەڕەی ئێستەی ئێران و ئیسرائیل دیپلۆماسی دەبێت نەك سەربازی، ئیسرائیل هیوای وایە هێرشەكانی ببنە مایەی لاوازبوونی هەڵوێستی ئێران لە گفتوگۆكان لە هەر گفتوگۆیەكی ئەتۆمی لە داهاتوو.
ئەوە لەوكاتەی ئەمڕۆ دیپلۆماتكارێكی باڵای ئێرانی گوتی، سەركردە سیاسی و سەربازییەكانی ئێران ئامادەن بۆ دەستبەرداربوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم لەپێناو پاراستنی رژێمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە لە كەوتن، بەڵام ئەوان پێویستیان بە چارەسەرێك هەیە ئابڕوویان نەچێت، وەك ماڵپەڕی ئیران وایەر"، بڵاوی كردەوە.
روونی كردەوە، گرنگیی لەپێشینە بۆ عەلی خامنەیی رابەری باڵا و حكوومەتی ئێران مانەوەیانە، هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیل لە دژی سوپا و هێزە تەناهییەكان و ئابووری و ورەی گشتیی ئەو وڵاتە، لە كۆتاییدا حكوومەت لاواز دەكات، ئەو دیپلۆماتكارە كە پێشتر لە ریزی هەواڵگریی ئێران كاری كردووە گوتی، وا بڕوات بێگومان سوپا و سوپای پاسداران كۆنترۆڵی دۆخەكە لەدەست دەدەن، كەسیش نازانێت دوای ئەوە چی روودەدات، ئێمە نامانەوێ هەمان هەڵەی سەدام حوسێن دووبارە بكەینەوە و ئامادەین بۆ گفتوگۆ.
ئەو دووپاتی كردەوە، پێشتر هەرچی روویدابێت ئێستە دۆخێكی نوێ هاتووەتە كایەوە و گرنگیی لەپێشینە رزگاركردنی رژێم و رێگرتنە لە وێرانكردنی وڵاتەكەمان، ئاماژەی كرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا تاكە كەسە بتوانێت چارەسەری دۆخەكە بكات، سەرانی ئێرانیش لەوانە عەلی خامنەیی رابەری باڵا، ئێستە بۆ گفتوگۆیەكی راستەقینە ئامادەن.