پێوەندیی نێوان كێشەكانی دڵ و توانای سێكسیی مرۆڤ چییە؟

:: PM:06:56:16/06/2025 ‌


پرۆسەی سێكس تەنیا بۆ چێژوەرگرتن نییە، بەڵكو سوودی زۆری بۆ دڵیش هەیە، پاراستنی ژیانێكی چالاكی سێكسی یاریدەدەرە بۆ دابەزاندنی پەستان و باشتركردنی سووڕی خوێن و زیادكردنی ئاستی هۆرمۆنی ئۆكسیتۆسین، واتە هۆرمۆنی كەمكردنەوەی سترێس، بەڵام چۆن دەزانی ئاخۆ دڵت بەپێی پێویست تەندروست و بەهێزە بۆ سێكسكردن، بەتایبەت دوای كێشە و نەخۆشی و نەشتەرگەری و جەڵتەی دڵ؟

د. جەیسن ماتۆس پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ لە زانكۆی هارڤارد ئاماژە دەكات، زۆرینەی پیاوان دوای چارەسەركردنی كێشەكانی دڵ دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ژیانی سێكسی ئاسایی خۆیان، ئەمەش پشت بە ئاستی پێشووی توانای جەستەیی و سروشتی ئەو كێشە دەبەستێت كە تووشی بووەتەوە، بە گشتی دەتوانن بە پێڕەوكردنی ڕێنوێنیی پزیشكی بگەڕێنەوە سەر ژیانێكی نیوچە ئاسایی سێكسییان.

زۆربەی پیاوان لە دوای چارەسەركردنی كزێشەكانی دڵ دەتوانن دەست بە چالاكیی سێكسی بكەنەوە، كاتێك توانیان چالاكییەكی جەستەیی سووك بۆ مامناوەند ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی هەست بە ماندوێتیی زۆر و ئازاری سینگ یان تەنگەنەفەسی بكەن، بۆ ئەوەش رێكردنی خێرا بۆ ماوەی 10 بۆ 20 خولەك یان سەركەوتن بەسەر قادرمە بەبێ وەستان پێوەرێكی باشە.

د. ماتۆس دەڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا، رەنگە بابەتەكە بەپێی توندیی جەڵتەكە و كێشە تەندروستییەكانی تر جیاواز بێت، كە پزیشكەكەت بەپێی دۆخی تەندروستیی ئەو كەسە رێنوێنییەكانی بۆ بگۆڕێت، ئەگەرچی هەندێك جار هاوسەران لە ترسی دووبارەبوونەوەی جەڵتە یان زیانگەیاندن بە دڵ، خۆیان لە سێكس بەدوور دەگرن، ئەگەرچی سێكس بە چالاكییەكی زۆر قورس دانانرێت، سەرەڕای ئەوە د ماتۆس ئامۆژگاری دەكات كە ئەگەر كەسی تووشبوو بە كێشەی دڵ لە كاتی سێكس هەستی بە چەند نیشانەیەك وەك ئازاری سینگ و تەنگەنەفەسی یان گێژبوون كرد، دەبێت دەستبەجێ بوەستێت.

لێدانی دڵی پیاو لە كاتی سێكسكردن بە دەگمەن 130 لێدان لە خولەكێك تێپەڕ دەكات، ئەوەش هاوتایە لەگەڵ ماندووبوون و راهێنانێكی مامناوەند، لە رووی بەكارهێنانی ئۆكسجینیشەوە، سێكس هاوشێوەی ماندووبوونی یاریی تێنسی سەر مێزە، سێكس نزیكەی پێنج كالۆری لە خولەكێك دەسووتێنێت، كە هاوتایە بە پیاسەكردنێكی ئاسایی لە ناو یاریگەی گۆڵفدا.

كاتی دەست پێكردنەوەی سێكس لە دوای قەستەرە، پشت بە شوێنی داخڵكردنی قەستەرەكە بۆ لەش دەبەستێت، ئەگەر لە رانەوە بێت، پێویستە ماوەیەكی درێژتر چاوەڕێ بكرێت بە بەراورد بەوەی كە لە رێگەی خوێنبەری قۆڵەوە كرابێت، ئەگەر بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكانی ئازاری سنگ بووبێت، زۆرجار دەتوانیت لە ماوەی هەفتەیەكدا دەست پێ بكەیتەوە، بەڵام ئەگەر دوای جەڵتەی دڵ كرابێت، رەنگە پزیشك داوای ماوەیەكی درێژتر بكات.

هەرچی سێكسكردنە دوای نەشتەرگەریی دڵی كراوە، هەمان رێنوێنییەكانی دوای جەڵتەی دڵ جێبەجێ دەبن، بەڵام پێویستە تا ئێسكی سنگ چاك دەبێتەوە سێكس دوا بخرێت، كە بە گشتی لایەنی كەم شەش هەفتەی پێ دەچێت، دەبێت ئەو كەسە چەند مانگێك دوای نەشتەرگەرییەكە خۆی لەو جووڵانە بەدوور بگریت كە گوشار دەخەنە سەر سینگ.

هەندێك دەرمانی دڵ كاریگەرییان لەسەر چالاكیی سێكسی هەیە، رەنگە ئارەزووی سێكسی كەم بكەنەوە و ببنە هۆی لاوازیی رەقبوون، یان ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەركردنی ئازاری سینگ بەكاردێن، هەروەها نابێت ئەم دەرمانانە لەگەڵ دەرمانەكانی لاوازیی سێكسی بەكار بهێنرێن، چونكە رەنگە ببنە هۆی دابەزینێكی مەترسیداری گوشاری خوێن، بەگشتی ئەگەر كەسێك تووشی كێشەی دڵ هاتەوە، باشترین شت ئەوەیە سەبارەت بە ژیانی سێكسی راوێژ بە پزیشكی پسپۆڕ بكات.

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل