ترەمپ: ئێران سەركەوتوو نابێت و پێویستە بگەڕێتەوە گفتوگۆكان

:: PM:07:51:16/06/2025 ‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئێران دەیەوێ گفتوگۆ لەبارەی هێوركردنەوەی دۆخەكە لەگەڵ ئیسرائیل بكات، پێویستە ئەو كارە راستەوخۆ بكات بەر لەوەی كات بەسەر بچێت.

ئەمڕۆ دووشەم ترەمپ لە میانی بەشداریكردنی لە كارەكانی لووتكەی حەوت لە كەنەدا بە رۆژنامەوانای راگەیاند، ئێران ئەو شەڕە ناباتەوە و پێویستە دەست بە گفتوگۆ بكات، پێویستە راستەوخۆ و بەر لە بەسەرچوونی كات ئەو كارە بكات، ئەو نیازی هێوركردنەوەی دۆخەكەی هەیە.

ترەمپ دووپاتی كردەوە، ئێران ئامادەیە بۆ گفتوگۆكردن، بەڵام دەبوایە پێشتر ئەوەی بكردایە، من ماوەی 60 رۆژم بۆ دیاری كردن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، لە 61مین رۆژ گوتم كە رێككەوتنمان نەكرد، بۆیە پێویستە رێككەوتن بكەن، ئەو شەڕەی ئێستە هەیە بۆ هەردوولا بەئازارە، بەڵام دەڵێم كە ئێران شەڕەكە ناباتەوە و پێویستە راستەوخۆ و بەر لە بەسەرچوونی كات دەست بە گفتوگۆ بكەن.

پێشتر ترەمپ لە لاپەڕی خۆی لە ترووس سۆشیال نووسیبووی، بەمنزیكانە دەگەین بە رێككەوتنێكی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، پێویستە ئەوان بگەن بە رێككەوتن و پێشی دەگەن، تەواو وەك ئەوەی وام كرد هیندستان و پاكستان بگەن بە رێككەوتن.   

ئەمە و رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" و ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی باسی ئەوەیان كرد كە تاران لە رێگەی میانگیرانەوە داوای گوشاركردنی لە سەرۆكی ئەمەریكا كردووە بۆ بەكارهێنانی دەسەڵاتی بۆ گوشاركردن لە ئیسرائیل بۆ رازیبوون بە رێككەوتنێكی راستەوخۆی شەڕ بەرانبەر بەوەی ئێران لە گفتوگۆكان نەرمی بنوێنێت.  

ئاژانسی "رۆیتەرز" لە سەرچاوەیەكی گواستەوە، تاران داوای لە قەتەر و سعوودیە و عومان كردووە بە واشنتن رابگەیەنن كە ئامادەیە بۆ نەرمینواندن لە گفتوگۆی ئەتۆمی، ئەگەر بگەن بە رێككەوتن بۆ وەستانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، رۆژنامەكەش دەڵێت، ئێران مەرجی ئەوەی هەیە نابێت ئەمەریكا راستەوخۆ بێتە ناو هێرشەكانی سەری.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل