تا دێت هێرش و هێرشی بەرانبەری ئێران و ئیسرائیل توندتر دەبێت، ئەمڕۆ هەریەك لە ئیسرائیل و ئێران داوای چۆڵكردنی پایەتەختی یەكتریان كرد، چونكە هێرش دەكەن، ئێران دەڵێت هێرشێكی وا دەكەنە سەر تەلئەبیب لە سەرەتای شەڕەكەوە رووی نەدابێت، شارەزایەكیش باسی هێرشێكی جیاوازی ئیسرائیل دەكات.
ئەمشەو چاوەكان خراونەتە سەر تەلئەبیب و تاران، بەتایبەتی كە ئیسرائیل بەنیازە هێرش بكاتە سەر دامەزراوەی فۆردوی ئەتۆمی، كە بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران پارێزراوی و نهێنی زۆری هەیە ، بەپێی سەرچاوە سەربازییەكان ئەگەری هەیە لە چەند سەعاتی داهاتووی ئەمشەو ئیسرائیل بە مووشەكی جیاوازی حەشارگەبڕی ئەمەریكی هێرش بكاتە سەر ئەو دامەزراوە ئەتۆمییە.
لیوا جەواد دەهلەكی شارەزای كاروباری سەربازی باسی نیازی ئیسرائیل دەكات لە لێدانی دامەوزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتوو بە چەكی وێرانكەر، دەڵێت، بەپێی زانیارییەكان، ئیسرائیل بەنیازە لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتووی ئەمشەو بە چەكی وێرانكەر هێرش بكاتە سەر دامەزراوەی فۆردوی ئەتۆمی، كە كاری پیتاندنی یۆرانیۆمی تیادا دەكرێت، بۆ یەكەمجاریش مووشەكی ئەمەریكی بەكاردێنێت بەهۆی پارێزراویی ئەو وێستگەیە، كە لە وێستگەی نەتنز پارێزراوترە.
دامەزراوەی فۆردو یەكێكە لە پارێزراوترین دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و كەوتووەتە چیایەك لە پارێزگەی قوم، بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەیەكی زۆر بەكاردێت، ئەوەش وای كردووە ببێتە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل كە هەوڵی پەكخستنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەدات.
لای خۆیەوە دێڤید لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پێی وایە ئێستە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ساتێكی زۆر مەترسیدار تێپەڕ دەبێت، گوتی، لە چەند رۆژی داهاتوو پێشبینیی هێرشی زیاتری ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەكتر دەكەین.