ئەمڕۆ دووشەم ئیسرائیل دوای وریاكردنەوە، هێرشێكی ئاسمانی كردە سەر تۆڕی هەواڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران و پەخشی كەناڵەكە وەستا و ژمارەیەك لە كارمەندانی بوونە قوربانی، لە بەرانبەردا ئێران وریایی دا بە چۆڵكردنی بارەگەی دوو كەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئیسرائیلی، بەوەی دەیانكاتە ئامانج.
ئەمڕۆ ئیسرائیل دوای وریاكردنەوە، هێرشێكی ئاسمانی كردە سەر تۆڕی هەواڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران " IRINN"، كە لە لایەن دەستەی ئێزگە و تەلەڤزیۆنی ئێران " IRIB"، بەڕێوە دەچێت، ماوەیەك پەخشی راستەوخۆی ئەو كەناڵە وەستا و دواتر هاتەوە پەخشكردن، لە هێرشەكە ژمارەیەك كارمەندی كەناڵەكە بوونە قوربانی، ئیسرائیل رای گەیاند كە ئەو كەناڵە خزمەتی شەڕ و هێرشكردنە سەر ئیسرائیل دەكات.
رۆژنامەی "
جۆرزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، لاپەڕەی فەرمیی ماڵپەڕی ئێران بە عەرەبی كە لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیریی ئێرانەوە مۆڵەتی هەیە، وریایی داوەتە كارمەندانی هەردوو كەناڵی تەلەڤزیۆنی "كەناڵی 12" و "كەناڵی 14"، بەوەی لە تۆڵەی هێرشەكەی ئەمڕۆ ئیسرائیل بۆ سەر كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی لە تارانی دەیانكاتە ئامانج.
هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكە دوای كاتێكی كەم لە لێدوانی یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هات كە گوتی، زوڕنای دەنگۆ و هاندانی ئێرانی بە رێگەوەیە بەرەو لەناوچوون، وەك رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ كرد.