لە هەینی رابردووەوە ئیسرائیل سەتان هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر ئێران و سەتان ئامانجی جۆراوجۆری پێكاوە، بە شێوەیەك سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە كۆنترۆڵی ئاسمانی تارانی پایەتەختیان كردووە، ئاژانسێكی ئێران تێكشكاندنی فڕۆكەیەكی ئیسرائیلی راگەیاند.
ئەمشەو ئاژانسی
"تەسنیم"ی ئێرانی بڵاوی كردەوە كە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران توانی فڕۆكەیەكی جەنگیی ئیسرائیل لە جۆری F-35 بە ئاسمانی شاری تەبریز لە باكوری رۆژئاوای ئێران بخاتە خوارەوە، ئەوەش چوارەم فڕۆكەی جەنگیی ئیسرائیلە لەو جۆرە كە لە لایەن سیستمی بەرگریی ئێرانەوە دەخرێتە خوارەوە، لەوەتەی هێرشەكانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی هەینی رابردوو دەستی پێ كردووە.
شەمووی رابردوو سوپای ئێران خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی جەنگی ئیسرائیلی لە جۆری F-35 لە ئاسمانی رۆژئاوای وڵاتەكە راگەیاند، ئاماژەی كرد كە فڕۆكەوانەكە خۆی هەڵداوە و چارەنووسی دیار نییە، هاوكات ئێران چەند وێنەیەكی ژنێكی فڕۆكەوانی بڵاو كردەوە كە بە گوتەی خۆی فڕۆكەوانی فڕۆكە تێكشكاوەكەیە، لەوكاتەی ئیسرائیل رەتی كردەوە هیچ فڕۆكەیەكی تێكشكا بێت.