لە سایەی ئەو دۆخە نائاساییەی رووی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە و شەڕی سەختی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەم لایەنەكانی ناو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغدا كۆ بوونەوە، ئەوان تاوتوێی دۆخی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقیان كرد، باسی كاریگەریی شەڕی ئێران و ئیسرائیلیان لەسەر عێراق و ناوچەكە كرد.
بەپێی بەیاننامەیەكی هاوپەیمانیەتییەكە كە وێنەیەكی گەیشتە "وشە"، لەو كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ كە سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تیایدا بەشدار بوون، تاوتوێی پەرەسەندنەكانی دۆخی ناوچەكە و كاریگەریی شەڕی ئێران و ئیسرائیلیان لەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە كرد، سەركۆنەی هێرشی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران كرد و هاوشانییان لەگەڵ گەلی ئێران راگەیاند كە رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، بەپێویستیان زانی یەكهەڵوێست بن لە بەرانبەر ئەو هێرشە بێپاساوە.
هاوپەیمانیەتییەكە رەتی كردەوە ئاسمانی عێراق پێشێل بكرێت و لە هێرشەكانی ئیسرائیل لە دژی ئێران بەكاربهینرێت، داوای كرد كار بۆ رێگرتن لە بەكارهێنانی ئاسمان و خاك و ئاوی عێراق لە هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بكرێت، پاڵپشتیی لە هەوڵەكانی حكوومەت و رێوشوێنەكانی لە دژی پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل بۆ سەروەریی ئاسمانیی عێراق و جموجۆڵە دپلۆماسیەكەی لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی كرد، ئەوەش بەو پێیەی عێراق سەرۆكی لووتكەی عەرەبییە و بۆ رێگرتن لە فرەوانبوونی بازنەی شەڕ و هەوڵدان بۆ سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
بەشدارانی كۆبوونەوەكە بە پێویستیان زانی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان یەك بخەن بۆ رێگرتن لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی دۆخە ناوچەكە لەسەر عێراق و زاڵكردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و گرنگیی كاری هاوبەش بۆ پاراستنی وڵات لە كاریگەرییەكانی شەڕ و تەنگژەكان، دووپاتیان لە پێویستیی یەكڕیزی و و هاوشانیی نیشتمانی و سەقامگیری كردەوە، هەروەها كاركردن بۆ دۆزینەوەی گوتارێكی میدیایی پاڵپشت بۆ گوتاری فەرمیی دەوڵەت.