لە ناوەڕاستی كیشوەری ئەفریقا و لە گۆنگۆی دیموكرات، بەهۆی شەپۆلێكی بارانی بەخوڕ، لافاو هەستا و لە چەند شوێنێكیش رۆچوونی زەوی رووی دا، بەوهۆیەوە زیاتر لە 30 كەس گیانیان لە دەست دا و هەزاران كەسیش بێ ماڵوحاڵ بوون.
وەزارەتی ناوخۆی كۆنگۆی دیموكرات بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامی ئەو لافاوەی كە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ، چەندان ناوچەی كینشاسای پایتەختی گرتەوە و هاوكات رۆچوونی زەویش رووی دا، تا ئێستە زیاتر لە 30 كەس گیانیان لە دەست داوە و چەندان ناوچەش ژێرئاو كەوتوون، بەهۆیەوە هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بێ ماڵوحاڵ ماونەتەوە و روویان لە ناوچەكانی تر كردووە.
تیمەكانی فریاگوزاری لە ناوچە ژێرئاوكەوتووەكان، بەهانای هاووڵاتییانەوە چوون و بۆ ناوچەكانی تر دەیانگوازنەوە، هاوكات هەڵمەتەكانیش بۆ گەڕان بەدوای ئەو كەسانەی چارەنووسیان نادیارە، بەردەوامە و مەزەندە دەكرێت هەزاران كەس كەوتبنە ژێر داروپەردووی ئەو خانووانەی كە بەهۆی لافاوەوە رووخاون.
ساڵانە لەم وەرزەدا بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ، لافاو زۆربەی ناوچەكانی پایتەختی كۆنگۆی دیموكرات دەگرێتەوە و جگە لە گیان لەدەستدانی سەتان كەس، زیانێكی زۆریش بە ژێرخانی شارەكە دەگات.