بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پرسی گرژییەكەی ناوچەكە ئەنجام بدات، بەڵام تا ئێستە دیاری نییە چەند فراكسیۆن بەشداریی دەكەن بۆ تەواوبوونی رێژەی یاسایی.
ئەمڕۆ سێشەم 17ـی حوزەیران، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ دەبێتەوە و تەوەری كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی جەنگی نێوان هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئێرانە.
بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە، بەكارهێنانی خاكی عێراق لە جەنگەكەدا و رێگەكانی پاراستنی سەروەریی وڵاتەكە تاوتوێ دەكرێن.
ئەوە لە كاتێكدایە بەشێكی پەرلەمانتاران لە دەرەوەی وڵاتن، بەهۆی گرژییە سیاسییەكانیش پێَشبینی دەكرێت چەند لایەنێك بەشداریی كۆبوونەوەكە نەكەن.
لە 13ی حوزەیرانی 2025، شەڕی ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ كردووە، تا ئێستە ئەو دوو وڵاتە ئاسمانی عێراق بۆ هێرشەكانیان بەكار دەهێنن.