دوای ئه‌و هێرشه‌ی دوێنێ ئیسرائیل كردیه سه‌ر ئێران و ئه‌و زیانه‌ی به دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی گه‌یاند، چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه ده‌كرا به‌رپه‌رچدانه‌وه‌كه‌ی ئێران زیانی زیاتر به ئیسرائیل بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام زیانه‌كان ته‌نیا پێنج بریندار بوون و ئیسرائیل شه‌وی رابردوو باشتر له جاران، به‌رگریی له هاووڵاتییانی كرد و مووشه‌كه‌كانی ئێرانی له‌ناو برد.
به‌گوێره‌ی بی بی سی، شه‌وی رابردوو له ئیسرائیل پێنج كه‌س بریندار بوون، تا ئێسته هیچ حاڵه‌تێكی مردن به‌هۆی هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی ئێران رانه‌گه‌یه‌نراوه.
میدیاكانی ئیسرائیل پێشتر بڵاویان كردووه‌ته‌وه كه له ئاكامی هێرشه‌كانی ئێران، 19 هاووڵاتیی ئیسرائیلی كوژراون و ده‌یان كه‌سی تر بریندار بوون. هێرشی دوێنێی ئێران بووه هۆی كوشتنی هه‌شت هاووڵاتیی ئیسرائیلی.
له به‌رانبه‌ردا ئه‌و زیانانه‌ی ئیسرائیل به ئێرانی گه‌یاندوون، زۆر به‌رچاوتر بوون و له نوێترین راگه‌یه‌نراوی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئیسرائیل، باس له‌وه كراوه كه عه‌لی شادومانی فه‌رمانده‌ی بنكه‌ی خاته‌مولئه‌نبیا و سوپاسالاری وڵاته‌كه كه هه‌موو چوار رۆژه پۆستی نوێی وه‌رگرتبوو، كوژراوه. جگه له‌مه له زۆربه‌ی پارێزگاكانی ئێران، زیانی به ناوه‌نده سه‌ربازییه‌كان گه‌یاندووه و دوێنێ دووشه‌م ناوه‌ندی ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمیی ئێرانیشی كرده ئامانج.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئێران دوێنێ دووشه‌م، ژماره‌ی بریندارانی به هه‌زار و 257 كه‌س و ژماره‌ی كوژراوانی به 224 كه‌س راگه‌یاندووه، هێشتا ئێران ئه‌مڕۆ ئاماری نوێی بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه.
پێویسته بگوترێ ئه‌وانه‌ی له ئێران كوژراون، ژماره‌یه‌كیان له فه‌رمانده باڵاكانی سوپای پاسداران، پۆلیس و هه‌واڵگریی سوپا بوون و لانی كه‌م 15 زانای ئه‌تۆمیش گیانیان له ده‌ست داوه.
له به‌ره‌به‌یانیی هه‌ینی 13ی حوزه‌یران، ئیسرائیل ده‌ستی به هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر ئێران كرد و ئێواره‌كه‌ی ئێران وه‌ڵامی هێرشه‌كانی ئیسرائیلی دایه‌وه و جه‌نگه‌كه له پێنجه‌م رۆژدا درێژه‌ی هه‌یه.