هاووڵاتییانی عێراق دەترسن بەهۆی بۆردمانی كارگەكانی ئەتۆمی ئێرانەوە، تیشكەكان زیانیان پێ بگەیەنێت. دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێریی ئەتۆمی و تیشكدانەوەی، عێراق دووپات دەكاتەوە كە بەهیچ شێوەیەك تیشك دزەی نەكردووەتە ناو وڵاتەكە و دڵنیاییش دەدات كە رێكارەكانیان بۆ رێگریی گرتووەتەبەر.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆیەك بڵاو بووەتەوە كە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كارگەكانی بەرهەمهێنانی ئەتۆم، تیشك گەیشتووەتە عێراق و بەو هۆیەشەوە خەڵك و ژینگە زیانی پێدەگات.
لەمبارەیەوە سەباح حوسنی جێگری سەرۆكی دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێریی ئەتۆمی و تیشكدانەوە، بە رۆژنامەی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە كە بەپێی پلانەكانی پێشوو، دەستەكەیان رێكاری خۆپارێزیی جۆراوجۆری گرتووەتەبەر، لەناویاندا بەكارهێنانی سیستمی كۆنترۆڵكردنی تیشك و تۆڕی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە و وێستگەی چاودێری.
ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، داتا هونەرییەكان هیچ بەرزبوونەوەیەكی ناسروشتیی تیشكیان تۆمار نەكردووە، تەواوی سیستمەكانیش بەردەوام لە كاردان.
دووپاتی كردووەتەوە كە بەردەوام لەگەڵ لایەنەكانی حكوومەت و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان لەسەر هێڵن، تا لە ئەگەری هەر رووداوێكی كتوپڕدا بتوانن رێگریی بكەن.
بەرەبەیانی هەینی ڕابردوو ئیسرائیل وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێرانی بۆردومان كرد، یەكێك لە گەورەترین وێستگەكانیش "نەتەنزە" كە وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمە، هاوكات نۆ زانای ئۆمی كوژران، كە بزوێنەر و هەڵسوڕێنەری پرسی وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران بوون.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران ڕاپۆرتێكی چەندان لاپەڕەیی بڵاوكردەوە و تێیدا باس لەوە كراوە ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەشێوەیەكی زۆر بەرز كردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی وزەی ئەتۆم و میدیاكانی جیهان وێستگە ئەتۆمییەكانی جیهان و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەمجۆرەیە، كە لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە.
پڕۆسەی ئەتۆمی ئێران لە سێ بەشی سەرەكی پێكهاتووە، كانی ئەتۆمی، وێستگەی ئەتۆمی، بنكەی ئەتۆمی، كە ژمارەكەیان بریتییە لە پێنج وێستگەی ئەتۆمی و دوو كانی ئەتۆمی و دوو بنكەی ئەتۆمی هەیە.
وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران بریتین لە "فۆردۆ، نەتەنز، ئەسفەهان، ئەنارەك، ئەردەكان) ئەمانە كەوتوونەتە پارێزگاكانی تاران و قوم و ئەسفەهان و یەزد و مەركەزی".
كانە ئەتۆمییەكانیشی "ساغەند، پەچین" كەوتوونەتە پارێزگاكانی هورمزگان و یەزدەوە، هاوكات وێستگە ئەتۆمییەكانشی "ئەراك، بووشەهر" كەوتوونەتە پارێزگاكانی مەركەزی و بوو شەهرەوە.
وێستگەی نەتەنز گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئێرانە لە چەندان بەشی سەرەكی پێكدێت، كە لە وێستگەی تاقیكاری سووتەمەنی و پیتاندنی سووتەمەنی بەكاردەهێندرێت، ئەمە لە چەندان باڵەخانەی ژێر زەمینی پێكهاتووە، زیاتر لە 45 هەزار كەس كاری تێدا دەكات، نەتەنز گەورەترین دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمە لە ئێران دەكەوێتە نزیكەی 250 كیلۆمەتر لە باشووری تاران