رۆژنامه‌ى وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئه‌مه‌ریكى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، عه‌باس عێراقچى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران به كۆمه‌ڵێك دیپلۆماتكارى ئه‌وروپى و عه‌ره‌بى راگه‌یاندووه، "تره‌مپ و ویتكوف ئێمه‌یان به‌وه فریو دا گوایه دانوستاندن بۆ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى رێگریى له هێرشى ئیسرائیل ده‌كات".
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 17 ى حوزه‌یران، رۆژنامه‌ى وۆڵ ستریت جورناڵ له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه، لێدوانێكى عه‌باس عێراقچى ئاشكرا كردووه كه به دیپلۆماتكارانى ئه‌وروپى و عه‌ره‌بیى راگه‌یاندووه، دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا و ستیڤ ویتكۆفى نێرده‌ى تره‌مپ و سه‌رپه‌رشتیارى شاندى ئه‌مه‌ریكى بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئێران، ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێرانى فریو داوه به‌وه‌ى گوایه ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن بكه‌ن، ئه‌وا ئیسرائیل هێرش ناكاته سه‌ر ئێران.
هه‌روه‌ها رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه باسى له‌وه كردووه، عه‌لى خامنه‌یى رابه‌رى باڵاى كۆمارى ئیسلامیى ئێران و راوێژكاره گه‌وره‌كانى، پێشبینیى ئه‌وه‌یان نه‌كردووه ئیسرائیل به‌و قه‌باره‌یه هێرشى ئاسمانى بكاته سه‌ر ئێران، ئه‌مه ئه‌و كاته‌ى كه ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له دانوستاندندا بوو.
رۆژنامه‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كات له 10ی ئه‌م مانگه، هه‌ندێك په‌رله‌مانتارانى ئێران هۆشدارییان داوه له‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل، كۆشش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى دانوستاندنى ئه‌تۆمى بكه‌نه "ته‌ڵه‌یه‌كى ستراتیجى" بۆ ئێران.