ئێران به‌رپرسانی سه‌ربازی و ته‌ناهیی له سوودوه‌رگرتنی هه‌ر جۆره په‌یجه‌ر و مۆبایلێك قه‌ده‌غه كرد، هۆشداری پێداون له‌وه‌ی له‌وانه‌یه هێرشی ئه‌لیكترۆنییان بكرێته سه‌ر.
هه‌ریه‌ك له ئاژانسه‌كانی ته‌سنیم و فارس‌نیوز ئه‌و زانیارییه‌یان بڵاو كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام باسیان له وه‌رده‌كاریی زیاتر نه‌كردووه.
ئه‌و بڕیاره ئه‌وه‌مان بیر دێنێته‌وه كاتێك ئیسرائیل هێرشی ئه‌لیكترۆنیی كرده سه‌ر په‌یجه‌ره‌كانی حزبوڵا، له یه‌ك كاتدا ته‌واوی ئه‌و په‌یجه‌رانه‌ی ته‌قانده‌وه كه به‌ده‌ستی ئه‌ندامانی حزبوڵا بوون، سه‌تان كه‌سی لێ كوشتن و هه‌زاران كه‌سی تری بریندار كرد و گورزێكی كاریگه‌ریی وه‌شاند.
كۆماری ئیسلامیی ئێران ترسی له‌و جۆره هێرشه هه‌یه، بۆیه‌ش ده‌خوازێت رێوشوێنی نوێی خۆپاراستن بگرێته‌به‌ر.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م پێنجه‌م رۆژه جه‌نگ له نێوان ئێران و ئیسرائیل‌دا درێژه‌ی هه‌یه، له رۆژانی رابردوودا ئیسرائیل جگه له‌وه‌ی كه ژماره‌یه‌كی زۆر له فه‌رمانده باڵاكانی ئێرانی كوشتووه، لانی كه‌م 15 زانای ئه‌تۆمی كوشتووه. ژێرخانی سه‌ربازیی ئێرانی وێران كردووه. دوێنێ ئیسرائیل به فه‌رمی رای گه‌یاند كه ئاسمانی ئێرانی به ته‌واوی كۆنترۆڵ كردووه.
له به‌رانبه‌ردا ئێران به‌و مووشه‌ك و درۆنانه‌ی ئاراسته‌ی ئیسرائیلی كردوون، ژماره‌یه‌ك له مووشه‌كه‌كان هێڵی به‌رگریی ئیسرائیلیان بڕیوه و زیانیان به ئیسرائیل گه‌یاندووه و جگه له وێرانكردنی كۆمه‌ڵێك باڵه‌خانه، لانی كه‌م تا ئێسته 24 كه‌سی كوشتووه.
جه‌نگه‌كه له به‌ره‌به‌یانی 13ی حوزه‌یرانی 2025 له‌لایه‌ن ئیسرائیل ده‌ستی پێ كرد، له كاتێكدا ئێران و ئه‌مه‌ریكا خه‌ریكی ئاماده‌كاری بوون بۆ ئه‌وه‌ی دوو رۆژ دواتر گه‌ڕی شه‌شه‌می دانوستان به‌ڕێوه به‌رن.